ئێزدییه‌كان داوا ده‌كه‌ن هه‌رچی زووتر جێگره‌وه‌ی میر ته‌حسین دابنرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئێزدییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و عێراق به‌ دوای کۆچی دواییی میر ته‌حسین به‌گ میری ئێزدییه‌کان داوا ده‌که‌ن هه‌رچی زووتر جێگره‌وه‌ی ناوبراو دابنرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێزدییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كۆچی دواییی میر ته‌حسین میری ئێزدییه‌كان به‌ كۆستێكی گه‌وره‌ بۆ خۆیان له ‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و داواش ده‌كه‌ن هه‌رچی زووتره‌ كه‌سێكی شیاو له‌ بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزدییه‌كان بۆ ئه‌و پۆسته‌ دابنرێت.

لای خۆشییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: پێویسته‌ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێزدییه‌كان، پێكه‌وه‌ یه‌ک بۆچوون و یه‌ک هه‌ڵوێست بن له‌ دیاری كردنی که‌سێک بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و و پۆسته‌.

ڕۆژى (28ی کانوونی دووه‌می 2019) میر ته‌حسین به‌گ میری ئێزدییه‌کانی عێراق و جیهان له‌ ته‌مه‌نى 86 ساڵیدا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ شارى هانۆڤه‌رى ئه‌ڵمانیا کۆچى دوایی کرد.

ته‌حسین سه‌عید ناسراو به‌ میر ته‌حسین له‌ 15ی ئابی 1933 له‌ ناحیه‌ی باعه‌درێی سه‌ر به‌ قه‌زای شێخان له‌دایک بوووه و دوای‌ مردنی‌ باوكی‌ له‌ ساڵی 1944 و له‌ ته‌مه‌نی یانزه‌ ساڵییه‌وه‌ میری‌ ئێزدییه‌كانی جیهان‌ بوو.

حه‌شیمه‌تی کوردی ئێزدی زیاتر له‌ 550 هه‌زار که‌سه‌ و پاش هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر عێراق زیاتر له‌ 70 له‌سه‌دیان ئاواره‌ بوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51787

Your Comment

You are replying to: .
captcha