ئیلهام ئەحمەد: داوامان لە ڕووسیا کرد پەیامەکەمان بگەیێنێت بە ئەسەد

بەشی سووریا- سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات دەڵێت، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ناچاری روویان لە مۆسکۆ و دیمەشق کردووە و داوامان لە ڕووسیا کرد بە دەوڵەتی ئەسەد بڵێت هێزەکانی حکوومەتی ناوەند لە سنووری نێوان هەسەدە و تورکیا جێگیر بکرێت.

کوردپرێس:

سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لەو بارەوە بە میدیای ئەمریکیی راگەیاندووە، پەیامەکە ئەوە بوو، ئەگەر رووسیا رێگە بە هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی سووریا بدات لە سەر سنوور جێگیر بکرێن، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی وەستاندنی هەڕەشەکانی تورکیا.

سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات گوتیشی: "ئێمە نە ئەم سیناریۆیەمان بەلاوە باشە و نە حەزمان لێیەتی. ئەگەر هێز بدەینە حکوومەتی ناوەند لە سەر سنوورەکانمان، ئەوە بە شکست بۆ ئەو پڕۆژە دیموکراسییە دادەندرێت کە توانیمان بونیادی بنێین. ئێمە ناچار کراین یان تانک و بۆردوومانی ئاسمانیی تورکیا قبووڵ بکەین یان هێزەکانی دەوڵەتی ئەسەد لە سەر سنوور لە نێوان ئێمە و تورکیادا جێگیر بکەین".

دەربارەی هەبوونی سوپای سووریا لە سەر سنووری نێوان هەسەدە و تورکیا، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات گوتی، "ئەمە دوایین شتە کە دەمانەوێت بیبینین، چوونکە دەمانەوێت لە کارکردن لەسەر پڕۆژە دیموکراسییەکەمان بەردەوام بین".

دەربارەی کاریگەرییەکانی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا قسەی کرد و گوتی، "لەژێر رۆشناییی کشانەوەی کتوپڕی ئەمریکیدا، بەو جۆرە خۆمان دەبینین کە گۆشەگیر دەبین. مەبەستم ئەوەیە، دەبێت چارەسەر بۆ خەڵکی خۆمان بدۆزینەوە. هەربۆیە قسەمان لەگەڵ رووسەکاندا کرد و داوامان لێکردن ئەم پەیامە بگەیێننە دەوڵەتی ئەسەد".

ئیلهام ئەحمەد گوتیشی، "لەژێر رۆشنایی کشانەوەی ئەمریکادا، گرنگترین بابەت بۆ ئێمە بریتییە لەوەی گەرەنتی و دڵنیاییمان پێبدرێت کە ناوچەکەمان لە لایەن هیچ کەسێکەوە هێرشی ناکرێتە سەر و هاوبەشەکانی ئەمریکا لە لایەن هیچ کەسێکەوە رووبەڕووی کوشتار نابنەوە".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51760

Your Comment

You are replying to: .
captcha