کوردپرێس:
هەمیشە وتراوە ئەمریکا هاوپەیمانی کوردی سووریایە و لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دەیانارێزێت بەڵام لەڕاستیدا دوو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنساش 400 هێزی سەربازییان لە ناوچە کوردنشینەکاندا هەیە و سەرقاڵی ڕاوێژ و مەشقی سەربازی بە کوردەکانی سووریان. هەڵبەت ئەوەشمان بیر نەچێت کە حەجمی هاوکارییەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا لە چاو حەجمی هاوکارییەکانی ئەمریکا زۆر کەمترە.
فەڕەنسا لە هەموو قۆناغەکاندا وەکوو دۆستی کورد خۆی نواندووە و کوردی سووریاش لە قەیرانەکاندا داوای یارمەتییان لە فەڕەنسا کردووە. بەرپرسانی کوردی سووریا لە دوو قۆناغی هەستیاردا پاش هێرشی داعش بۆ ناوچە کوردنشینەکان چوونە پاریس و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی فەڕەنسا دیداریان کرد.
فەڕەنسا هەروەهاش پاش ڕاگەیێندرانی بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێز لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا ڕایگەیاند کە پشتگیریی کورد دەکات و ئامادەیە هێزەکانی خۆی لە سووریا بهێڵێتەوە.
بەڵام خاوەن بیرێکی فەڕەنسایی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردی ناوچەکە کە شارەزای سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیەتی بڕوای وایە فەڕەنسا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەرگری لە کوردی سووریا بکات و ناتوانێت جێگە بەتاڵەکەی ئەمریکا بۆ کورد پڕ بکاتەوە.
دوکتور فابریس بالانشە مامۆستای زانکۆی لیۆنی فەڕەنسا و توێژەری ئەنستیتۆ واشەنتۆن لە ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە سیاسەتی فەڕەنسا لەبارەی کوردی سووریاوە سیاسەتێکی ڕوون نییە.
بالانشە لەبارەی خواستی فەڕەنسا بۆ بەرگری کردن لە کورد پاش کشانەوەی ئەمریکییەکان لە سووریا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: "بەداخەوە من لەو قەناعەتەدا نیم کە فەڕەنسا بتوانێت دەوری بەدیل بۆ کوردی سووریا بگێڕێت. سوپای وڵاتی فەڕەنسا تا ئەو ڕادەیە دەسەڵات نییە و شەریکە ئەورووپییەکانیشمان ئیرادەی ئەوەیان تێدا نابینرێت کە هێز بنێرنە سووریا بۆ بەرگری کردن لە کوردی ئەو وڵاتە.
دوکتور بالانشە گوتیشی تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە بەم زووانە فەڕەنسا بڕیاری کشانەوەی هێز لە سووریا بدات و پێ دەچێت پاش ئەوەی ئەمریکییەکان لە سووریا کشانەوە هێزە فەڕەنسییەکانیش ئەو وڵاتە چۆڵ بکەن.
ئەو پۆفیسۆرەی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی لیۆنی فەڕەنسا جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی لەبارەی سووریاوە سیاسەتێکی ناشەفافە لە بەر ئەوەی فەڕەنسا لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە کاری بۆ ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد دەکر بەڵام پاشتر بەبۆنەی هەڕەشەکانی شەڕی داەعشەوە لە سەر پاریس، هەڵوێست و ئەجیندای خۆی گۆڕی و تەرکیزی کردە سەر شەڕی داعش. ئێستاش فەڕەنسا بەنیازە لە ڕێگای بوونی سەربازیی ئەمریکا و فەڕەنسا لە سووریا کارتی گوشار بۆ سەر ئەسەد دروست بکات و ڕێگر بێت لە یارمەتیی ئابووری ئەورووپا بۆ سووریا.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ فەڕەنسا لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە بە تەنیا خۆی ناتوانێت لە باکووری سووریا بمێنێتەوە و ئێستاش فەڕەنسا وەختە بەهێزترین کارتی گوشاری خۆی بۆ سەر ئەسەد لە دەست بدات.
دوکتور فابریس بالانشە لەبارەی داهاتووی کوردی سووریاوە بە کوردپرێسی وت: ئایندەیێکی باش چاوەڕوانی کوردی سووریا ناکات.
ئەو توێژەرەی ئەنستیتۆ واشەنتن دووپاتیشی کردەوە کە فەڕەنسا بە هیچ شێوەیێک ناتوانێت جێگە بەتاڵەکەی ئەمریکا بۆ کوردی سووریا پڕ بکاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment