کوردپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەمە 7ی شوباتی 2019 لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند: محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی دانیشتنی وەزیرەکانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعش لە واشەنتن کۆ بووەتەوە و لەبارەی کۆمەڵێک تەوەری ناوچەکەوە گفتوگۆیان کردووە.
بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمریکا تەرکیزیان کردۆتە سەر زەروورەتی پشتگیری کردن لە عێراق و دەوڵەمەندکردنی عیلاقاتی نێوان دوو وڵات و ڕاگۆڕینەوەی زیاتر لەبارەی کێشەکانی ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو دیدارەدا وتوویەتی دەوڵەتی عێراق پێشوازی لە فراوانکردنی پێوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکات و تەرکیزیشی کردۆتە سەر هاوکاریی دوولایەنە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی عێراق و ئەمریکا.
هەر بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لای خۆیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش جەختی کردۆتە سەر زەروورەتی پشتگیری کردن لە عێراق و ڕێزگرتنی هەموو لایەنەکان لە سەروەریی ئەو وڵاتە.
Your Comment