نێچیرڤان بارزانی لە دیداری سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا: ئیتالیا هاوکاری سەرەکیی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد بۆ پشتگیری و هاوکارییەکانی رابردووی و هیوای خواست ئەو پشتگیری و هاوکارییانە لە داهاتووشدا بەردەوام بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا کە دوای کۆبوونەوەکە ئەنجام درا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکارێکی سەرەکی بووە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان.

بارزانی وتیشی ئیتالیا هەم مەشق و راهێنان و هەم لە پێشکەش کردنی هاوکاریی مرۆیی و سەربازی پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان هەبووە و بەردەوام کاری کردووە".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد کە: "لە بوارەکانی سیاسی و کولتووری و فەرهەنگیشدا پەیوەندییێکی زۆر بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا هەیە و سوپاسیان دەکەین بۆ هەموو ئەو کارانەی لەڕووی کولتوورییەوە لە هەرێمی کوردستان دەیکەن".

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ پشتگیری و هاوکاری رابردوویان و هیوای خواست، لە داهاتووشدا بەردەوام بن. هەروەها گوتی: "سوپاسیان دەکەین کە لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتمەند و لەژێر پاراستنی هێزێکی ئیتاڵیدا رۆڵێکی باشیان لە پاراستن و چاک کردنەوەی بەنداوی مووسڵ هەبووە و ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکەن".

سەرۆکوەزیران باسی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کرد و گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا باسی پەیوەندی هەولێر و بەغدامان کردووە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات. دووپاتمان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەکات و خوازیاری ئەوەیە کێشەکانی لەگەڵیدا چارەسەر بکات".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: "باسمان لەدۆخی ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان کرد و داواکارین ئیتاڵیا بەردەوام هاریکار بێت لە هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاری کردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستاندا. باسمان لە پرسی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستن و یارمەتیدانی هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسی کۆنسوڵی ئیتاڵیای کرد لە هەولێر بەهۆی ئەو هەوڵە بەردەوامانەی دەیدات لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51714

Your Comment

You are replying to: .
captcha