تیمی پزیشکیی له‌یلا گوڤه‌ن: ژیانی په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتوووه‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌

به‌شی تورکیا- تیمی پزیشکیی له‌یلا گوڤه‌ن په‌رله‌مانتاری مانگرتووی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) كه‌ ماوه‌ی سێ مانگه‌ مانی له‌ خواردن گرتوووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ ئێستادا ژیانی ئه‌و خانمه‌ په‌رله‌مانتاره‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، تیمی پزیشکیی له‌یلا گوڤه‌ن په‌رله‌مانتاری مانگرتووی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) كه‌ ماوه‌ی سێ مانگه‌ مانی له‌ خواردن گرتوووه‌ ئاماژه‌ به‌ بارودۆخی مه‌ترسیداری ئه‌و خانمه‌ په‌رله‌مانتاره‌ ده‌که‌ن و ڕای‌ده‌گه‌یێنن: له‌ سه‌ره‌تای مانگرتندا به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاربۆهیدراته‌كان مرۆڤ كێش كه‌م ده‌كات، به‌ به‌رده‌وام كردنی مانگرتن پرۆتین له‌ ماسووله‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی مانگرتنه‌كه‌ی له‌یلا گوڤه‌ن پێی ناوه‌ته‌ 90ه‌مین ڕۆژه‌وه‌ له ‌ناو ماسوولكه‌كانی هه‌ست به‌ ئازار ده‌كات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دۆخی ته‌ندروستیی ئه‌و خانمه‌ په‌رله‌مانتاره‌ له‌ هه‌ر خوله‌كێكدا بگۆڕێت و له‌وانه‌ی دۆخێكی نه‌خوازراو ڕوو بدات.

ئه‌و تیمه‌ پزیشکییه‌ زیادیشی کرد: په‌ستانی خوێنی له‌یلا گوڤه‌ن زۆر دابه‌زیوه‌ و ڕووناكی و بۆن هه‌راسانی ده‌كات. به‌ بێ هاوكاریی كردن ناتوانێت له‌سه‌ر پێ بوه‌ستێت و ئازاری گه‌ده‌ی زۆره‌ و به‌ زه‌حمه‌ت ئاو ده‌خواته‌وه‌. له‌یلا گوڤه‌ن له‌م مانگرتنه‌دا 11.5 کیلۆگرام کێشی دابه‌زیوه‌ و به‌ گشتی له‌ ئێستادا ژیانی په‌رله‌مانتاره‌ مانگرتوووه‌که‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌.

جێی باسه‌ له‌یلا گوڤه‌ن نزیكه‌ی سێ مانگ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ ناو زیندانی ئامه‌ده‌وه‌ له‌ دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌ستی به‌ مانگرتن كرد و دوو هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا به‌ بڕیاری دادگا له‌ زیندان ئازاد كرا به‌ڵام ڕای‌گه‌یاند که‌ تا هاتنه‌دی ئامانجه‌كه‌ی واته‌ كۆتایی هێنان به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ درێژه‌ به‌ مانگرتن ده‌دات.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ئۆرنسه‌ل

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51702

Your Comment

You are replying to: .
captcha