با عێراق بەشداریی دانیشتنە سێ قۆڵییەکەی تورکیا و ئێران و ڕووسیا لە بارەی سووریاوە بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هاوپەیمانیی ئیسڵاح و بونیات گوتی ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا سەردانی عێراق بکات و داواشی کرد عێراق بەشداریی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان تورکیا و ئێران و ڕووسیا لەبارەی سووریاوە بکات.

کوردپرێس:

نووسینگەی عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئیسڵاح بەیاننامەیێکی دەرکرد و ڕایگەیاند: عەمار حەکیم ئەمڕۆ سێشەمە 5ی شوباتی 2019 لە شاری بەغدا و بە بەشداریی ژمارەیێک لە سەرۆک لیستەکان پێشوازیی لە میخاییل بوگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوە و نێردەی تایبەتی سەرۆککۆماری ڕووسیا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کرد.

بەپێی نووسراوی بەیاننامەکە حەکیم لەو دیدارەدا داوای کردووە عێراق بەشدار بێت دانیشتنە سێ قۆڵییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا و تورکیا لە سەر مەسەلەی سووریا.

ناوبراو تەرکیزی کردە سەر زەروورەتی بەرپەرچدانەوەی دیاردەی تیرۆر و هەماهەنگیی بەردەوام و گۆڕینەوەی هەواڵ و زانیاری لە نێوان عێراق و ڕووسیا و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی هەردوولا.

عەمار حەکیم گوتیشی گۆڕانکارییەکانی عێراق هیوابەخش بوون و هەڵبژێردرانی کەسێکی بێ لایەن وەکوو عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران خاڵێکی ئیجابییە بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە عێراق هەرگیز نابێتە بە بنکەی سەربازی بۆ هیچ وڵاتێک دژی وڵاتێکی دیکە بەڵکوو کار بۆ نزیک کردنەوەی دەنگەکان لە یەکتر دەکات.

لای خۆیەوە نێردەی تایبەتی پووتن سەرکۆماری ڕووسیا تەرکیزی کردە سەر زەروورەتی پەرەپێدان و کارکردن بۆ لێکگەیشتنی هاوبەش لە عیلاقات و پێوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ڕووسیا.

News Code 51671

Your Comment

You are replying to: .
captcha