بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی دووشەممە 4-2-2019 شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دەستپێ کردنەوەی هاوئاهەنگی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جگە لە دروست کردنی لیژنەیێکی باڵای هاوئاهەنگی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە، پێنج لیژنەی ناوچەیی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک، مەخموور، رۆژئاوا و رۆهەڵاتی مووسڵ پێکدەهێدرێن".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەش کردەوە، بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو لیژنە هاوبەشە ناوچەییەکان دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن و بڕیار لەسەر داهاتووی ئەمنی ناوچەکانیان بدەن.
کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە دوای ئەوە دێت، کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاسایی نەبووەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment