کوردپرێس: له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو و به بۆنه‌ی ڕکابه‌ری و شه‌ڕی نێوان زلهێزانی ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌وڕووی گۆڕانکارییێکی زۆر بۆته‌وه. ئه‌مریکا وه‌ک وڵاتێک که ڕوانگه‌یێکی ستراتێژی و زاڵێتیخوازانه‌ی به ناوچه‌که هه‌یه، هه‌وڵه‌کانی خستۆته گه‌ڕ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی زیاتری ئابووری و سیاسی له گۆڕانکارییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. سه‌پاندنی گه‌مارۆی نوێ بۆ سه‌ر ئێران و داپه‌ڕه دژهئێرانییهکان به تایبه‌ت هه‌وڵ بۆ هاوڕاکردنی وڵاتانی ناوچه‌که به مه‌به‌ستی پشتیوانی له بڕیاره‌کانی ئه‌مریکا له‌لایێک و بڕیار بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له سووریا و جه‌ختکردنه سه‌ر که‌م کردنه‌وه‌ی نفووزی ئێران له‌و وڵاته له‌لایێکی دیکه‌وه دوو بڕیار و بابه‌تی سیاسیی گرینگی ده‌وڵه‌تی تره‌مپه که کارتێکه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر هاوکێشه و گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانی داهاتووی ناوچه‌که. له‌م نێوانه‌دا، جووڵه‌ی دیپلۆماسیی ئێران له گۆڕه‌پانی ناوچه‌یی له ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌وڵێکی جیدی له‌پێناو به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ کاره دوژمنکارانه‌کانی ئه‌مریکا دێته ئه‌ژمار و یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی که گرینگایه‌تیی ستراتێژیک و ژیئۆپۆلۆتیکی له لای هه‌ردوولا هه‌یه، عێراق و هه‌رێمی کوردستانه. و سه‌فه‌ری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ئه‌مریکاش بۆ به‌غدا و هه‌ولێر گرینگایه‌تیی ئه‌و وڵاته دوو ئه‌وه‌نده ده‌کاته‌وه.
هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به مه‌به‌ستی لێکدانه‌وه‌ی هه‌ندێک بابه‌ت وه‌ک جووڵه دیپلۆماسییه‌کانی ئێران به تایبه‌ت له عێراق و هه‌رێمی کوردستان، تێڕوانینی کوردی عێراق به‌و هه‌وڵانه و په‌یوه‌ندیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ تاران و ڕۆڵێک که ئه‌وان ده‌توانن له نێوان ئه‌م ته‌نگه‌ژانه ببینن، ڕوانگه‌ی به‌غدا به پرسه ناوچه‌یییه‌کان، ڕوانینی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری کوردی عێراق له‌سه‌ر گرژییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا، درێژکردنه‌وه‌ی واده‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق و هه‌ندێک بابه‌تیتر گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود عه‌بدولخالق نووسه‌ر و شرۆڤه‌کاری به‌ناوبانگی سیاسیی کوردی عێراق و سه‌رۆکی ده‌زگای توێژینه‌وه‌یی- میدیاییی StandardKurd ئه‌نجام داوه.
ده‌قی دیمانه‌که:
جووڵه دیپلۆماتیکه‌کانی ئێران و کێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
مه‌سعوود عه‌بدولخالق سه‌رۆکی ده‌زگای توێژینه‌وه‌یی- میدیاییی StandardKurd له دیمانه له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا له‌باره‌ی سه‌ردانی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان وتی: ڕایێکی عاقڵمه‌ندانه له هه‌رێمی کوردستان هه‌یه که ده‌ڵێن ئێمه کێشه‌کانی نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست با له ناوخۆ حه‌ل بکه‌ین له جێگه‌ی ئه‌و هه‌موو پڕۆژه‌ی ئه‌مریکا و ئه‌ورووپا و ئیسرائیل که نۆ پڕۆژه‌یه و بۆ چاکسازی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌متر ئه‌وه‌ی تێدایه که میلله‌تان خۆیان پڕۆژه‌یێکیان هه‌بێت و له ناوخۆ ڕێکبکه‌ون بۆیه ئه‌و ڕه‌ئیه هه‌یه که هه‌ر چوار میلله‌ته ئه‌ساسییه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست واتا عه‌ره‌ب، فارس، تورک و کورد پێکه‌وه حیوارێکی گه‌وره بکه‌ن و پێویستیان به ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی که چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بکات که له سایکس پیکۆدا دروست کراوه و چاره‌ی نییه و ئه‌و ڕه‌ئیه وای کردوووه که تا ڕاده‌یێک بیر له ناوخۆ بکرێته‌وه به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌کان نایێنه سه‌ر ئه‌و ڕایه به‌تایبه‌ت تورکیا. کاتێک که ئێرانیش تا ڕاده‌یێک ئه‌و ڕایه‌ی هه‌یه جموجووڵێکی دیپلۆماسی دروست ده‌بێت که خه‌ڵک دڵی پێ خۆشه.
ستراتێژیی به‌غدا ئه‌وه‌یه که کێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ناوخۆ چاره‌سه‌ر بکرێن
سه‌رۆکی ده‌زگای توێژینه‌وه‌یی- میدیاییی StandardKurd زیادی کرد: ئه‌و ڕایه ئێستا له عێراق به شێوه‌یێکی گونجاو هه‌یه، سه‌رۆک کۆمار کورده، سه‌رۆک وه‌زیران دۆستی کورده، سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش هه‌ر باشه. ئه‌و پڕۆژه‌یه که له ده‌وڵه‌تی عێراقیدا هه‌یه بۆ چاکسازی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش گونجاوه.
کورد زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کیی شه‌ڕی گریمانه‌کراو له ناوچه‌که‌دان
شرۆڤه‌کاری سیاسیی کوردی عێراق له درێژه‌دا له‌باره‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ له ناوچه‌که‌دا جه‌ختی کرده‌وه: هه‌ر هێرشێک و په‌لامارێک له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بکرێته سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌ڵکی کورد زۆر زه‌ره‌ر ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت عێراقیش زه‌ره‌رێکی زۆر ده‌کات بۆیه ده‌بێ ئێمه نه‌بینه لایه‌نێک له‌و کێشه‌یه به‌ڵکوو ده‌بێت ڕێگر بین و مۆڵه‌ت نه‌ده‌ین ئه‌و کێشه گه‌ورانه سه‌رهه‌ڵبده‌ن.
تێڕوانینی ئیجابی و گه‌شبینانه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان بۆ سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران
مه‌سعوود عه‌بدولخالق له درێژه‌دا له‌باره‌ی سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان گوتی: خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان تا ڕاده‌یێکی زۆر دڵنیا و دڵخۆش بوون له سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان. ئه‌و سه‌ردانه له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه ناوخۆیییه‌کانی ناوچه‌که ئه‌نجام دراوه. ئه‌و سه‌ردانه به‌و ئاراسته‌یه ده‌بێت له ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییه‌وه پرسێکی زۆر نییه و هیچ نیگه‌رانی و ڕهشبینییێک له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه له‌ئارادا نییه و به پێچه‌وانه‌وه کاتێک وه‌زیرێکی تورکیا سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌کات به‌و سیاسه‌ته و جموجووڵه‌ی تورکیا خه‌ڵک زۆر نیگه‌ران ده‌بێت.
جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌ی سیاسی و ئابووری هاوبه‌ش له نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان
شرۆڤه‌کاری سیاسیی هه‌رێمی کوردستان هاوپه‌یوه‌ند به پێوه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و پانتاییی هاوبه‌شی سیاسی، ئابووری و یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تیی زۆره له نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان که به‌ستێنی داڕشتن و جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت یاسایی‌ی نێوان دوو لایه‌ن فه‌راهه‌م ده‌کات.
تێڕوانینی ستراتێژیکی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پرسی گرژییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا
سه‌فه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان پاش یه‌ک هه‌فته له سه‌ردانه‌که‌ی مایک پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئه‌نجام درا. سه‌ردانه‌که‌ی پۆمپیۆ به ئامانجی هاوڕاکردنی لایه‌نی عێراقی له‌گه‌ڵ گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژی ئێران ئه‌نجام درا. له‌لایێکی دیکه‌وه ئه‌مریکا ڕایگهیاندوووه که بوونی سه‌ربازی خۆی له عێراق و به‌تایبه‌ت هه‌رێمی کوردستان تۆکمه ده‌کات. مه‌سعوود عه‌بدولخالق سه‌رۆکی ده‌زگای توێژینه‌وه‌یی- میدیاییی StandardKurd له‌باره‌ی ستراتێژیییێک که هه‌رێمی کوردستان و عێراق ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا بگرنه‌به‌ر وتی: له‌م ڕوووه‌وه سه‌رۆک کۆمار به‌رهه‌م ساڵح مه‌فهوومێکی زۆر باشی هه‌یه و تێڕوانینه‌که‌ی زۆر باشه که عێراق هه‌م له په‌یوه‌ندییێکی به‌هێزدایه له‌گه‌ڵ ئێران و هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاشدا و ده‌شزانرێت ئه‌گه‌ر هه‌ر ناکۆکییێکی گه‌وره له نێوان ئێران و ئه‌مریکا ڕوو بدات زه‌ره‌رمه‌ندی هه‌ره‌گه‌وره عێراق ده‌بێت و له‌م نێوانه‌شدا هه‌رێمی کوردستان وه‌ک به‌شێک له عێراق و کیانی فیدڕاڵی کوردی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت چوونکه ئه‌و تهوازونهی که پاش ساڵی 1979 له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاته‌دی بووه‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی حه‌ره‌که‌ی کوردی و تێکچوونی ئه‌و ته‌وازونه به هیچ له‌ونێک له به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستاندا نییه. ئێمه‌ی کورد له عێراق ئه‌زموونی ڕابردوومان هه‌یه و له کاتێکدا بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی هه‌ژموونی خۆی سه‌پانده سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کورد زه‌ره‌رێکی زۆر گه‌وره‌ی کرد واتا ئه‌نفالی به‌سه‌ردا هات، شیمیایی لێدرا، پرسی کورد ئاراسته نه‌کرا و ڕه‌نج و ئازارێکی زۆریان له کۆڕه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا بینی.
سه‌رهه‌ڵدانی سه‌حوه‌ی ئیسلامیی ئێران و به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی کورد له ناوچه‌که
نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانیی به‌ناوبانگی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه به سه‌رهه‌ڵدانی سه‌حوه‌ی ئیسلامیی ئێران و کارتێکه‌رییه‌کانی ئه‌و ڕووداوه له‌سه‌ر ناوچه و به‌تایبه‌ت کورد ده‌کات و ڕایده‌گه‌یێنێت: له دوای ساڵی 1979 و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌حوه‌ی ئیسلامی له ئێران، پێگه‌ی کورد ڕووی له باشتربوون کرد و ئه‌و بابه‌ت و ڕوانگه‌یه هه‌یه له ناو عاقڵمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستان بۆیه هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ هه‌رێمی کوردستانیش ده‌کرێ به ئیجابی دابنرێت به‌و شێوه‌یه‌ی که عاقڵمه‌ندانی کورد بتوانن نێوبژیڤانییێکی ژیر و زۆر جوان بکه‌ن هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و هه‌م له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره ته‌نگه‌ژه و ناکۆکییێکی جیدی ڕوو نه‌دات له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوچه‌که چوونکه هه‌ر جۆره ته‌نگه‌ژه و ناکۆکی له ناوچه‌که ڕوو بدات ته‌نها ئه‌و پادشا و مه‌لیک و به‌رپرسه گه‌نده‌ڵانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست قازانج ده‌که‌ن که ماڵ و سامانێکی زۆریان هه‌یه و نه پڕۆژه‌یان هه‌یه و نه خزمه‌تی میلله‌ت ده‌که‌ن بۆیه عاقڵمه‌ندانی کورد پێیان وایه ده‌بێ کورد وه‌ک نێوبژیڤان و میانڕه‌و و به ڕوانینێکی خێرخوازانه ده‌ور ببینێت له هاوسه‌نگییه سیاسییه‌کان له ناوچه‌که‌دا. میلله‌تانی ناوچه‌که هیچ قازانجێک له سیاسه‌ت و ستراتێژییه‌کانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ناکه‌ن. من ئاگاداری هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان نیم به‌ڵام ئاگام لێیه به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق ده‌ورێکی زۆر ئیجابی و گرنگی بینیوه و واباشه که ئه‌گه‌ر به‌رپرسێکی ئه‌مریکا له وه‌زیری ده‌ره‌وه بگره تا دیکه‌ی به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، سه‌رکرده سیاسییه‌کانی کوردستان له دیدار و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ئه‌و خیتابه‌ی له‌گه‌ڵ باس بکه‌ن که هیچ جۆره کێشه‌یێک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوو نه‌دات.
زیادبوونی ژماره‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق و زه‌رووره‌تی گه‌یشتن به ڕێککه‌وتنێکی ناوچه‌یی
مه‌سعوود عه‌بدولخالق سه‌باره‌ت به زیادبوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق له ڕێگای په‌ره‌پێدان و به‌هێزکردنه‌وه‌ی بنکه سه‌ربازییه‌کانیان له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌و وڵاته و زیادکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی هێزه سه‌ربازی و ڕاوێژکاره‌کانیان هاوکات له‌گه‌ڵ کشانه‌وه‌یان له سووریا و له به‌رانبه‌ردا هه‌وڵه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ په‌سه‌ندکردنی پڕۆژهیاسایێک بۆ ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و کارتێکه‌ریی ئه‌و بابه‌تانه له‌سه‌ر هاوکێشه سیاسییه‌کانی عێراق ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و بابه‌تانه له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ندێک ڕه‌هه‌ندی ستراتێژیکییان هه‌یه و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ئاڵۆزترین کێشه‌ن له جیهاندا. له قۆناغی یه‌که‌مدا ده‌بێ ئاماژه به‌و بابه‌ته بکه‌ین که عێراق ڕێککه‌وتننامه‌یێکی ئاسایشی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه که 29 ماده‌یه و تا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه ئیلغا نه‌کرێته‌وه، ئه‌مریکا مۆڵه‌تی هه‌یه له عێراق بمێنێته‌وه و جموجووڵ له‌و وڵاته ئه‌نجام بدات. قۆناغی دووهه‌م ئه‌وه‌یه که ده‌بێ میلله‌تانی شه‌رقولئه‌وسه‌ت کۆده‌نگ بن و یه‌کتر دڵنیا بکه‌نه‌وه که چیتر پێویستیان به هێزی ئه‌مریکا و هیچ وڵاتێکی دیکه له ناوچه‌که نه‌بێت و ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی ئیتیفاقێکی ستراتێژیکی هه‌مه‌لایه‌نه دێته‌دی و تا ئێستا ئه‌و ئیتیفاقه نییه و زیاتر له دیکه‌ی میلله‌ته‌کان کورد خه‌سار و زیانێکی زۆری له دۆخی ئێستا بینیوه. کورد له ناوچه‌که هه‌ڕه‌شه‌ی میلله‌تانی ده‌وروبه‌ری زۆر له‌سه‌ره. ده‌زانین که وڵاتێک وه‌ک تورکیا له کوردستانی تورکیا، عێراق و سووریا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی به‌رفراوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت حه‌ز ناکه‌ن وشه و جوگرافیای کوردستان له‌سه‌ر گووگڵ بمێنێت و ئه‌مه نموونه‌یێکی ئاشکرایه له دڵنیانه‌بوون و هه‌بوونی که‌شی بێ متمانه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. تا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌و بابه‌تانه چاره‌سه‌ر نه‌کرێن، پاساوی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ر به‌قوه‌ت ده‌بێت بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه چاره‌سه‌ر نه‌کرێت هێزه‌کانی ئه‌مریکا وجوودی هه‌ر ده‌مێنێت چ له سووریا، چ له عێراق و چ له وڵاتانی‌تر. پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ میلله‌تان لێره یه‌کتر دڵنیا بکه‌نه‌وه. وه‌ک شرۆڤه‌کارێکی سیاسی له ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوودا به وردی ته‌ماشای پڕۆژه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستم کردوووه و پێم وایه چ ئێران، چ تورکیا و چ وڵاتانی‌تر ناتوانن له یه‌ک کاتدا ئه‌و ململانێی گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ جیهان به‌ڕێوه ببه‌ن و پڕۆژه‌کانیشیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جێبه‌جێ بکه‌ن بۆیه باشترین ئیش ئه‌وه‌یه یه‌که‌م جار ئیتیفاقێکی هه‌مه‌لایه‌نه له نێوان چوار میلله‌ته‌که بکرێت ئه‌وکات پاساوی مانه‌وه‌ی هێزی ده‌ره‌کی به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نامێنێت و دواتریش پڕۆژه‌کانی هه‌ر یه‌ک له وڵاتانی ناوچه‌که به ئیتیفاقی هه‌موو لایێک و به بێ ڕوانگه‌ی ئه‌منی و بێمتمانه‌یی به وڵاتانی دیکه و هه‌ڕه‌شه وه‌سف کردنی ئه‌وان جێبه‌جێ بکرێت.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
داگرتن و داڕشتنه‌وه: سروور خدری
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment