کوردپرێس:
نزیکەی دوو حەفتە لەوەو پێش فڕۆکەکانی تورکیا دیسانەوە چەند ناوچەیێکی هەرێمی کوردستانیان تۆپباران کرد و ئەو تۆپبارانەی سوپای تورکیا بووە هۆی گیان لەدەستدانی 4 هاووڵاتیی مەدەنیی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی شیلادزێ.
ئەو دوایین تۆپبارانەی سوپای تورکیا وای کرد خەڵکی شیلادزێ بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە هێرشەکانی تورکیا دەست بە سەر بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا بگرن و کەرەستە سەربازییەکانی ئەو بنکەیە بسووتێنن و لەو ڕووداوەشدا سەبازەکانی تورکیا تەقەیان لە گەنجێکی کوردی ناوچەکە کرد و کوشتیان.
ئەحمەد شەمەکی چالاکی مەدەنی لە شیلادزێ دەڵێت خەڵکی شیلادزێ وەڕەز بوون لەو وەزعەی بەبۆنەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا دروست بووە.
ناوبراو دەشڵێت برا 17 ساڵانەکەی لە تۆپبارانی فڕۆکەکانی تورکیا ساڵی 1996 کوژراوە و پاش 13 ڕۆژ توانییان تەرمەکەی بدۆزنەوە.
ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: هاوژینەکەم لە گوندێکی سەر سنووری عێراق و تورکیا سێ خزمی خۆی لە دەست داوە و هەرگیز تەرمەکانیشیان نەدۆزرایەوە.
ناوبراو بە ئەلمۆنیتۆری وتووە تەقریبەن هەموو بنەماڵەیێکی ئەو ناوچەیە بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیاوە ئەندامێکی بنەماڵەکەی لە دەست داوە. دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کاردانەوە و هەڵوێستی ئەوتۆی لەو بارەیەوە نەنواندووە و لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە ناپرسن.
بەپێی نووسراوی ئەلمۆنیتۆر هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکەوە دەکرێت. بە وتەی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە 2015وە تا ئێستا زیاتر لە 400هێرشی توپخانەی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
ئەلمۆنیتۆر وتوویەتی هۆکاری بێدەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەو هێرشانەی تورکیا ئەوەیە تورکیا گرینگترین هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پارتییش حیزبی باڵادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە هەر بۆیەش زۆر خۆی لەو بابەتە نادات.
بەپێی نووسراوی ئەلمۆنیتۆر پارتی دیموکراتی کوردستان ناشتوانێت گوشار بخاتە سەر پەکەکە کە ناوچەکە چۆڵ بکات و گوشاری تورکیا کەم ببێتەوە، لەبەر ئەوەی تۆمەتی براکوژیی دەخرێتە پاڵ.
بە وتەی ئەو چالاکە مەدەنییە، هاووڵاتییان دەزانن کە لە نێوان شەڕی پەکەکە و تورکیا گرفتار بوون بەڵام ناچارن بەهۆی دەستەبەرکردنی بژیوی ژیانیانەوە لە ناوچەکەدا بمێننەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی ڕێگری لە نائارامی و خۆپیشاندانەکان بگرێت هیچی تری لە دەست نایەت. هەر بۆیەش هاووڵاتییان ناچارن لە ژێر سێبەری نەخوازراوی شەڕی پەکەکە و تورکیا لە ناوچەکەدا بژین.
ئەحمەد شەمەکی بڕوای وایە: "خەڵکی لەڕاستی وەڕەز بوون و داوا لە پەکەکەش و سوپای تورکیاش دەکەن ناوچەکە چۆڵ بکەن و ئەگەر بێتوو ئەم دۆخە هەر وا بەردەوام بێت هاووڵاتییان ئەم جارەیان ڕەنگە بە گژ پەکەکەدا بچنەوە.
Your Comment