به‌رهه‌م ساڵح: هه‌وڵه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی زیاتری ناوچه‌که‌ بخرێته‌گه‌ڕ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک كۆماری عێراق و نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیا كۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌کانی نێوان دوو وڵات و هه‌وڵه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی زیاتری ناوچه‌که‌ کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی شوباتی 2019 میخائیل به‌گدانۆڤ و وه‌فدی یاوه‌ری گه‌یشتنه‌ عێراق و د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غداد پێشوازی كرد له‌ نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌فدی هاوڕێی."

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوووه‌: "له‌و دیداره‌دا وێرای باس كردنی پێویستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان عێراق و ڕووسیا، سه‌رۆک كۆمار ته‌ئكیدی له‌ خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری و ئارامی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی ڕووسیا كرد له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆردا."

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ عێراق خوازیاری فراوانكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و وه‌به‌رهێناندا و به‌ بایه‌خیشه‌وه‌ باسی له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرد كه‌ هه‌ر دوو وڵات به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوووه‌: "میخائیل به‌گدانۆڤ سڵاوی سه‌رۆكی ڕووسیای گه‌یانده‌ به‌رهه‌م ساڵح و پشتیوانی و ویستی ڕووسیای بۆ عێراق دووپات كرده‌وه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق له‌ زۆربه‌ی بواره‌كاندا."

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ دوایین بارودۆخ و گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان كرا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51637

Your Comment

You are replying to: .
captcha