به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4ی شوباتی 2019 ته‌رمی ته‌حسین سه‌عید میری ئێزدییه‌کان هێنرایه‌وه هه‌رێم و بڕیاره له شێخان به خاک بسپێردرێت .
هاوکات مه‌راسیمی پێشوازی کردن له ته‌رمه‌که‌ی به ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم و عێراق و نوێنه‌ری كونسووڵخانه و باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی بیانی له عێراق و هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو.
جه‌عفه‌ر سمۆ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کاروباری ئێزدییه‌کان له دهۆک به ئێن ئاڕ تی ڕاگه‌یاند: له ئه‌ڵمانیا سێ ڕۆژ پرسه‌ی بۆ دانراوه و سێ ڕۆژ له شێخانیش پرسه‌ی بۆ داده‌نرێت، هاوکات سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم فڕۆکه‌ی تایبه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی دابین کردوووه و له مه‌راسیمێکدا پێشوازی لێ ده‌کرێت.
ڕۆژى (28ی کانوونی دووه‌می 2019) میر ته‌حسین به‌گ له ته‌مه‌نى 86 ساڵیدا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه له شارى هانۆڤه‌رى ئه‌ڵمانیا کۆچى دوایی کرد.
ته‌حسین سه‌عید ناسراو به میر ته‌حسین له 15ی ئابی 1933 له ناحیه‌ی باعه‌درێی سه‌ر به قه‌زای شێخان له‌دایکبوووه، دوای مردنی باوكی له ساڵی 1944 و له ته‌مه‌نی یانزه ساڵییه‌وه میری ئێزدییه‌كانی جیهان بوو.
حه‌شیمه‌تی کوردی ئێزدی زیاتر له 550 هه‌زار که‌سه و پاش هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر عێراق، زیاتر له 70 له‌سه‌دیان ئاواره بوون.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment