وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی دێره‌زوور: به‌غدادی له‌ چوار کیلۆمه‌تردا گه‌مارۆ دراوه‌

به‌شی سووریا- وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی دێره‌زوور ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: چه‌کدارانی داعش له‌ چوار کیلۆمه‌تری دێره‌زوور گه‌مارۆ دراون و ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ ئه‌بووبه‌کر به‌غدادیش له‌و ناوچه‌یه‌ بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌یله‌وی عه‌بدوڵڵا وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی دێره‌زووری سه‌ر به‌ هێزه‌کانی سووریای دیموکرات گوتی: ئۆپه‌راسیۆنی شه‌ڕڤانانی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات به‌ پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی دوامۆڵگه‌کانی داعش له‌ ناوچه‌ی دێره‌زوور به‌رده‌وامه‌ و له ‌ئێستادا داعش له‌ که‌متر له‌ چوار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی سه‌ر سنووری سووریا و عێراق و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات گه‌مارۆ دراوه‌.

ناوبراو گوتیشی: شه‌ڕی دژی داعش له‌ کۆتاییدایه‌ و به‌م نزیکانه‌ سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاریی ڕاده‌گه‌یه‌نین.

له‌یله‌وی عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: داعش له‌ ناوچه‌یێکی زۆر بچووکدا که‌ له‌ چوار کیلۆمه‌تر تێپه‌ڕ ناکات له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌لبوغاز گه‌مارۆ دراوه‌ و زۆرینه‌ی سه‌رکرده‌کانی له‌و ناوچه‌یه‌ن و ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌بووبه‌کر به‌غدادییش له‌و ناوچه‌یه‌ بێت.

به‌ وته‌ی ئه‌و فه‌مانده‌یه‌ی هه‌سه‌ده‌؛ چه‌کدارانی داعش ژماره‌یێک زۆر هاووڵاتی مه‌ده‌نییان ده‌ستبه‌سه‌ر کردوووه‌ و وه‌ک قه‌ڵغانی مرۆیی به‌کاریان ده‌هێنن، ئه‌وه‌ش ڕێگره‌ له ‌به‌رده‌م خێراتر بوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێڕه‌وی ئارام و مرۆیی له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی دێره‌زوور کراوه‌ته‌وه‌ تا خۆیان بگه‌یێننه‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی شه‌ڕڤانان و له ‌ده‌ستی داعش ده‌رباز بن.

به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یێکی هه‌واڵگریی، دوای کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی داعش له‌ عێراق له‌ کۆتاییی ساڵی (2017)دا ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی مووسڵ و دواتر بیابانه‌کانی ئه‌نباری به‌جێهێشتوووه‌ و له‌ ئه‌لبوکه‌ماله‌وه‌ چوووه‌ته‌ ناوچه‌کانی هه‌جین و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات له‌ دێره‌زوور و له‌وکاته‌وه‌ هیچ جموجۆڵێکی به‌دی نه‌کراوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ژیاندا مابێت ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌ ناوچه‌کانی دێره‌زوور و سه‌ر سنووره‌کانی عێراق و سووریادا مابێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51621

Your Comment

You are replying to: .
captcha