نێچیرڤان بارزانی و كۆنسووڵی یۆنان کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دیدارێكی نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان و كۆنسووڵی گشتیی یۆناندا، دۆخی ناوچەكە بە گشتی و دواپەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 3/2/2019، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئیفسیمیۆس كۆستۆبۆلۆس، كۆنسووڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەکەدا كۆستۆبۆلۆس تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و یۆنان و جەختی لەوە كردەوە كە‌ هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زیاتر بەرەوپێش بردنی پەیوەندییە‌كان، هەروەها پێكەوەژیان و كولتووری لێبوردەیی و پێشوازی كردنی لە ژمارەیێكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی حكوومەتی هەرێم و دامودەزگاكانیشی بۆ كارەكانی دووپات كردەوە، هەروەها پوختەیێكی دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكان و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان پێشكەش كرد، جەختی لەوەش كردەوە كە بەپێی یاسا دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنەران لە هەرێمی كوردستان ڕەخسێنراوە‌ و وەبەرهێنەرانی یۆنانیش دەتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەرگرن.

سەرۆک وەزیران لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا كرد و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە پرۆگرامی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی دەكات.

تاوتوێ كردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و دواپەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 51616

Your Comment

You are replying to: .
captcha