کوردپرێس:
ئاژانسی تەسنیمی ئێران لە زاری رەزا ئەردەكانیان وەزیری وزەی ئێران بڵاوی كردووەتەوە: تاران لە بەرهەم هێنانی وزەی كارەبادا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 38 وە بۆ پلەی 14هەمین وڵات لەجیهاندا بەرز بووەتەوە و ئەمڕۆ ئێران توانای ئاڵوگۆڕكردنی وزەی لە گەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێدا هەیە، لە ناویشیاندا توركیا و عێراق.
وەزارەتی وزەی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، ھەوڵدەدەن كارەبا بە وڵاتانی دراوسێ بفرۆشن و بۆ ئەم مەبەستەش لە رێگەی عێراقەوە كارەبا بگەیننە سووریا و ھەوڵیش دەدەن لە رێگەی رێككەوتنێیەوە وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبای عێراق نۆژەن بكەنەوە.
رەزا ئەردەكانیان وتیشی: لە سەردانێكدا بۆ عێراق و كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا گەیشتوونەتە كۆتایی ڕێككەوتنێك لەسەر پلانێكی هەمە لایەنە بۆ بونیادنانەوەی وێستگەكانی كارەبای عێراق لەلایەن ئێرانەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئێران توانای ھەیە كارەبا بداتە ھەر یەك لە توركیا و عێراق و پاكستان و ئەفغنستان و ئەرمێنیا و لە ماوەی 40 ساڵی رابردووشدا توانیویانە ئاستی بەرھەمھێنانی كارەبا لە ناوخۆدا بەرێژەیێكی بەرچاو بەرز بكەنەوە.
Your Comment