تەنکەرێکی قیری شل لە سلێمانی گڕی گرت و هەشت کەس بریندار بوون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانیی سلێمانی کە قیری شلی هەڵگرتبوو، لەکاتی کارکردن و پڕکردنەوەی ئەو چاڵانەی لەسەر شەقامەکان دروست بوون، کۆمپرێسەری تەقی و بەهۆیەوە ژمارەیێک هاونیشتمانی بریندار بوون.

کوردپرێس:

تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند "ماوەیەکە ئەو چاڵانە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی هەن، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێک بۆ پڕکردنەوەیان دەستیپێکردووە، یەکێکیش لەو ئۆتۆمبێلانەی کە قیری شلی هەڵگرتووە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-2-2019) لەکاتی کارکردن بۆ پڕکردنەوەی یەکێک لە چاڵەکانی سەر شەقامی 60 مەتری لە سلێمانی کۆمپرێسەری هەواکەی تەقیوەتەوە".

لەکاتی تەقینەوەکەدا دەنگێکی بەرز بیستراوە و لە ئەنجامی تەقینەوەکەشدا چەند پارچەیەکی ئۆتۆمبێلەکە و کۆمپرێسەرەکە بەر ئەو کارمەند و پۆلیس و هاووڵاتییانە کەوتوون کە لە شوێنی رووداوەکەوە نزیک بوون.

لەبارەی وردەکاری رووداوەکە عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگری شارستانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند "هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی کۆمپرێسەری ئۆتۆمبێلێکی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی بووە، کە سەرقاڵبوون بە چاککردنەوەی شەقامەکان".

دیار ئیبراهیم دەڵێ "بەهۆی تەقینەوەکە هەشت کەس بریندار بوونە، شەش لە بریندارەکان برینەکانیان سووک بووە و رەوانەی ماڵەوە کراون، دووانەکەی دیکەشیان لە نەخۆشخانە ماون و پێویستییان بە چارەسەرە، ئەوانیش حاڵیان باشەو رەنگە لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا رەوانەی ماڵەوە بکرێتەوە".

سەبارەت بە زیانی ماددیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگری شارستانی سلێمانی گوتی "زیان بە دوو بۆ سێ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان کەوتووە".

هاوکات رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەنێو بریندارەکاندا کارمەندی شارەوانی و کارمەندێکی پۆلیسی هاتووچۆ و هاووڵاتی سڤیل هەن".

News Code 51606

Your Comment

You are replying to: .
captcha