کوردپرێس:
كاروان هاشم ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەوڵ بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی بۆ شارپرێس وتی: تا ئەم كاتە هیچ وادەیێک بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی دانەنراوە، كە ئێمە وەك گۆڕان هەركاتێك بێت ئامادەین كۆبوونەوەكە بكرێت و بۆ ئەو كۆبوونەوەیەش هیچ مەرجێكمان نییە.
كاروان هاشم وتیشی: پێم وایە پارتی لاری نییە لەكۆبوونەوەی سێ قۆڵی ، بەڵام یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە تائێستا بڕیاریان نەداوە، كە كۆبوونەوەی سێ قۆڵی رەت نەكردووەتەوە، بەڵام وەڵامیشیان بۆ ئەنجامدانی نییە، رەنگە دوای كۆبوونەوەی ئەم هەفتەی پارتیو یەكێتی رەنگە بڕیاری كۆبوونەوەی سێ قۆڵی بدرێت.
پارتی دیموكرات براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و تائێستا چەند كۆبوونەوەیێكی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەت كردووە، بەڵام كۆبوونەوەكان جیا بوون و لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتیش نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێك.
لەبارەی ئەوەی ئایا، كۆبوونەوەی سێ قۆڵی كاریگەریی لەسەر پێكهێنانی حكوومەت دەبێت، كاروان هاشم وتی: ئەگەر ئیرادە و نییەتی باش هەبێت، پێم وایە پێكهێنانی حكوومەت ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر ئیرادە و نییەتی باشیش نەبێت لە كێشەیێكی بچووك و لە لێدوانێكی میدیایی بچووك بۆ پێكهێنانی حكوومەت كێشە دروست دەكەن، بۆیە پێم وانییە ئیرادەیێكی جددی هەبێت ئەگەرنا ئەم هەموو كاتەی ناوێت".
هەفتەی رابردوو بڕیار بوو گەرێكی نوێی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت بەرێوەبچێت، بەڵام بەهۆی لێدوانو شەڕی میدیایی چەند بەرپرسێكی پارتی، یەكێتی كۆبوونەوەكەی دواخست، كە ئەوە هێندەی تر پرسی پێكهێنانی حكوومەتی بردە دواوە.
لەگەڵ بێ ئەنجامیی گفتوگۆكان جۆرێك لە هەڵوێست لەناوخۆی گۆڕان دروست بووە بەوەی بزووتنەوەكە بەشداری نەكات، ئەوەش وەك راگەیاندنی هەڵوێستێك، لەو بارەوە كاروان هاشم وتی: لەسەر بنەمای ئەوەی گۆڕان بەشداری بكات یان نا، تائێستا بڕیاری بەشداری لە حكوومەت نەداوە، ئێمە لەدوا كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی شاندی دانووستانکاری گۆڕانمان راسپاردووە لەگەڵ پارتی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت بكات و ئەنجامی ئەو گفتوگۆیە بهێنێتەوە بۆ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی و ئێمە كۆمەڵێك خاڵمان داناوە بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەت، ئەگەر ئەو خاڵانەی ئێمە حێبەجێ كرا، ئێمە بڕیاری بەشداری دەدەین، ئەگەر نا ئێمە بەشداری ناكەین.
Your Comment