وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئیتیفاق له‌سه‌ر پێکهێنانی هێزی هاوبه‌ش بۆ ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی دروست کردنی ھێزی ھاوبه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌مریکا له ‌نێوان ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بۆ ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان ھاته‌ده‌نگ و ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌ته‌که‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ "ھیچ ڕێککه‌وتنێک نه‌کراوه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "له ‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ‌و ھیچ شاندێکی ئه‌مریکی ڕێککه‌وتن نییه‌ و نه‌کراوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم".

ناوبراو وتیشی: "نه‌ دانیشتن کراوه ‌و نه‌ ھیچ ڕێککه‌وتنێکیش له ‌نێوان پێشمه‌رگه ‌و ھیچ وه‌فدێکی ئه‌مریکی یان لایه‌نێکی ئه‌مریکی بۆ پێکھێنانی ھێزی ھاوبه‌شی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه ‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم".

جه‌بار یاوه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "پێشتریش بۆ ڕاگه‌یاندنه‌کان ڕوونکردنه‌وه‌م داوه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ته‌نھا تێگه‌یشتنێک ھه‌یه‌ له ‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق بۆ کاری ھاوبه‌ش و ھه‌ماھه‌نگی ھاوبه‌ش له ‌ئاینده‌دا".

ناوبراو ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌: "تا ئێستا ھیچ دانیشتنێک نه‌کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌رباره‌ی کاری ھاوبه‌ش و ھه‌ماھه‌نگی کردنی کاری ھاوبه‌ش دژی تیرۆریستانی داعش بیکه‌ن و چاوه‌ڕوانی دانیشتنێک ده‌که‌ین".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51555

Your Comment

You are replying to: .
captcha