کوردپرێس:
ئەو داواکارییەی کۆمەڵی ئیسلامی لەلایەن پارتییەوە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی پێشوازی لەو داواکارییە ناکات و پێیوایە دەبێت هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی هاوکات بێت لەگەڵ ریککەوتنی لایەنەکان لەسەر کۆی پاکێجەکانی پیکهێنانی حکوومەت.
عەبدولسەتار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بە رووداوی راگەیاند "ئێمە داوادەکەین بە زووترین کات پەرلەمان کۆببێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردرێت".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بۆ یەکلابووەتەوە، پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە چونکە وەک خۆیان دەڵێن، ئەزموونێکی باشی لەگەڵ هەڵبژاردنی کاتی نییە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.
رێواز فایەق، پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێت "ئەزموونی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کاتیمان هەیە لە خولی رابردوو، جاری پێشوو زۆر زیانمان بەرکەوت کە هیچ کەسمان بەرنەکەوت لە دەستی سەرۆکایەتی، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی پاکێجەکانی پێکهێنانی حکوومەت رێکبکەون و نەک دەستەی کاتی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان".
بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەیەوێ هەرچی زووە، کابینەی نۆ دروست بێت و پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارەکانی بکات، پێشنیارەکەی کۆمەڵ باشە و بەڕوونی پێشوازی لێدەکەن.
ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەت یەک پاکێجە، بەڵام لەم دۆخەدا ئێمە پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە ببێتە هۆی زووتر پێکهێنانی حکوومەت".
پێشبینییەکان وابوون خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زووتر دەست بە کارەکانی بکات، بەڵام خەریکە بە دەردی خولی چوارەم دەچێت و کورسییەکانی سەرۆکایەتیکەی بۆ چەند مانگێک بەتاڵ دەبێت.
*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment