بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی 1ی 2019، لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا كرد، كە پێک هاتبوو لە جێن كریستۆڤ بێڵاڕد جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسی و ڕامۆن بلیكۆ باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و كلاریس پاسۆری بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسی، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەوەی خستە ڕوو كە كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەولێر و بەغدادا هاتووەتە ئاراوە و یەكێتیی ئەورووپا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باشتربوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، بە لاوە گرینگە.
پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسی، ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگەیێكی دروست هەنگاو دەنێت و هیوای خواست كە هەرێم ببێتە نموونەیێک بۆ شوێنەكانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەورووپا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و هاوكاری و پێدانی ڕاوێژ بە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی كارگێڕی و چاكسازی و داراییدا.
هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆر، ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو كە بە قارەمانێتی و گیانفیدایی ئەفسانەی داعشی شكاند. ڕایشیگەیاند كە داعش لە ڕووی سەربازییەوە تێک شكاوە، بەڵام مەترسییەكانی لە عێراق و سووریادا هەر ماون.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی كورد لەو وڵاتە و مەسعوود بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد و هەروەها بۆچوون و پێشنیازەكانی لەبارەی چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكانی كورد لە سووریا و پێشهاتە تازەكان، بە شاندی میوان گەیاند.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment