به‌رهه‌م ساڵح: په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان به‌هێز ده‌كه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ فیلیپی شه‌شه‌م پادشای ئیسپانیا کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له‌سه‌ر به‌هێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30-1-2019 د. به‌هه‌رم ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ ‌به‌غدا پێشوازی كرد له‌ فیلیپی شه‌شه‌م پادشای ئیسپانیا و وه‌فدی یاوه‌ری و له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵاتی له‌گه‌ڵ شا فلیپی شه‌شه‌م دووپات كرده‌وه‌ به‌ جۆرێک كه‌ ‌خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ر دوو گه‌لی دۆست بكات، هاوكات سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌ختی له‌ ‌به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان و به‌هێزكردنی پێگه‌ی عێراق له ‌ناوچه‌كه‌دا كرده‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح خۆشحاڵیی خۆی به ‌پشتیوانیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق به‌تایبه‌ت ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ده‌ربڕی و سوپاسی به‌شداری و ڕۆڵی ئیسپانیای كرد له‌ جه‌نگی دژی تیرۆریستانی داعشدا، هه‌روه‌ها داوایشی له‌ حكوومه‌تی ئیسپانیا كرد تا به‌شداریی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ پرۆسه‌ی بونیادنانه‌وه‌ كه‌ ‌له‌ ‌عێراقدا ده‌ستی پێكردوووه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ شا فلیپی شه‌شه‌م سه‌رسامی خۆی به‌ به‌رگری و قوربانیدانی گه‌لی عێراق ده‌ربڕی له‌ ‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا، هاوكات دووپاتی به‌هێزكردن و فراوان كردنی ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵاتی كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ به‌شداری له‌ دووباره‌ بونیادنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقدا ده‌ربڕی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51512

Your Comment

You are replying to: .
captcha