پنتاگۆن واده‌ی کۆنترۆڵ کردنی دواپێگه‌ی داعش له‌ سووریا ئاشکرا ده‌کات

به‌شی جیهان- وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا به‌ وه‌کاله‌ت واده‌ی کۆنترۆڵ کردنی دواپێگه‌ی داعشی له‌ سووریا ئاشکرا کرد و ڕای‌گه‌یاند: وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریکا چاوه‌ڕوان ده‌کات له‌ دوو هه‌فته‌ى داهاتوودا شه‌ڕڤانانی سووریاى دیموکرات ته‌واوى ئه‌و خاکه‌ى به‌ ده‌ست داعشه‌وه‌ ماوه‌ کۆنتڕۆڵى بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ (29ی کانوونی دووه‌می 2019) پاتریک شاناهان که‌ ئیستا کاره‌کانى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ ده‌بات گوتی: چاوه‌ڕوان ده‌کریت له‌ دوو هه‌فته‌ى ئاینده‌دا ئه‌و هێزانه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کان پاڵپشتییان ده‌کات دوا مۆڵگه‌ و ئه‌و خاکه‌ کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ ژێر ده‌ستى داعشدا ماون.

ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا به‌ وه‌کاله‌ت له‌ کاتێکدایه‌، شه‌ڕڤانان له‌ ئه‌یلوولى ساڵی ڕابردوووه‌وه‌ به‌ پاڵپشتیى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و گورزى ئاسمانى هاوپه‌یمانان هێرش و ئۆپه‌راسیۆنی گه‌رده‌لوولى جزیره‌یان ده‌ست پێکرد بۆ کۆتایى هێنان به‌ داعش و له‌ناوبردنى مۆڵگه‌کانیان و کۆنتڕۆڵ کردنى ئه‌و خاکه‌ى له‌ نزیک سنووره‌کانى عێراق له ‌ژێر ده‌ستیاندا ماوه‌ و له‌ ئێستاشدا هێزه‌کانی سووریای دیموکرات که‌ نزیکه‌ی دوو هه‌زار سه‌ربازیی ئه‌مریکا و به‌ پشتیوانیی ئاسمانی کۆمه‌ک ده‌کرێن له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ شه‌ڕی کۆتایی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی داعش له‌ خۆرهه‌ڵاتی سووریا.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ چه‌کدارانی داعش تیایدا باڵاده‌ست بوون، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه‌ چوووه‌ و دووچاری پاشه‌کشه‌ی ته‌واو بوون، له‌ ئێستاشدا ناوچه‌یێکی بچووکیان له‌ ناوخۆی سووریا به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2014دا ناوچه‌یێکی به‌رفراوانیان له‌ عێراق و سووریا کۆنترۆڵ کرد.

ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ 19ی کانوونی یه‌که‌می 2018دا تێکشکاندنی چه‌کدارانی داعشی له‌ سووریا ڕاگه‌یاند و دواتریش بڕیاری کشاندنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌ ماوه‌ی 30 ڕۆژدا ڕاگه‌یاند.

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51496

Your Comment

You are replying to: .
captcha