عادل عه‌بدولمه‌هدی: عێراق هه‌وڵه‌کانی بۆ ڕێگری کردن له‌ دزه‌کردنی پاشماوه‌کانی داعش ده‌خاته‌گه‌ڕ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌باره‌ت به‌ توند و تۆڵکردنی سنووری عێراق- سووریا جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ عێراق هه‌موو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتوووه‌ته‌به‌ر له‌ سنووری له‌گه‌ڵ سووریادا بۆ ڕێگری کردن له‌ دزه‌کردنی پاشماوه‌کانی داعش.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 29-1-2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق له‌ کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌ڤانی هه‌فتانه‌ی خۆیدا فه‌رمانی دیوانی بۆ پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ده‌رکرد.

هه‌ر له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌ڤانییه‌که‌دا سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق گوتی: "کار ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری عێراق له‌ پشتبه‌ستن به‌ نه‌وت ڕزگار بکه‌ین وه‌ک تاکه‌ داهاتی وڵات. به‌م نزیکانه‌ش پڕۆژه‌یێکی گه‌وره‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی نیشته‌جێبوون ڕاده‌گه‌یێنین".

عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕاشیگه‌یاند: پلانێکی گشتگیریان بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌ش کردنی کاره‌با هه‌یه‌ و به‌دواداچوونیش بۆ دۆسیه‌ی باران و لافاو ده‌که‌ن و تاوه‌کوو ئێستا زیانی زۆر گه‌وره‌ تۆمار نه‌کراون.

ناوبراو له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئۆردۆن و عێراق ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد که‌ ئۆردۆن گومرگ له‌سه‌ر که‌لوپه‌لی هاتوو بۆ عێراق له ‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ که‌م ده‌کاته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا نرخی نه‌وتیان بۆ که‌م ده‌کرێته‌وه‌ و ئۆردۆن داوای کردوووه‌ ڕۆژانه‌ 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ نرخی برێنتی داشکێنراویان پێبدرێت.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51494

Your Comment

You are replying to: .
captcha