بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، هێزەكانی دژەتیرۆر لە چەند هەڵمەتێكدا پێنج تیرۆرستیان دەستگیركرد، لە یەكەمیاندا هێزەكانی پرۆسە تایبەتەكان پرۆسەیەكیان لە ناوچەی تارمییە-ی باكووری بەغداد ئەنجامدا و تیایدا تیرۆریستێكی سەر بە داعش دەستگیركرا.
لە پرۆسەی دووەمدا كە لە هەردوو قەزای شەرگات و حەزەر لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و مووسڵ دوو ئەندامی سەر بە داعش دەستگیركران، كە بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی یەحیا ڕەسوڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئەوەشی ڕوونكردەوە، دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆر لە هەولێر دوو تیرۆریستی دیكەیان دەستگیركردووە.
دووپاتیشیدەكاتەوە، دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكە لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدوونانی ئەندامانی داعش و ئامانجیش لێی گەیاندنی عێراقە بە ئاسایش و سەقامگیری و دوور لە تیرۆر و پەڕگیری.
Your Comment