٨٥%ی ئاوارەکانی نەینەوا ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم دەڵێت: بۆمان دەركەوتووە كە نزیكەی ٨٥%ی خەڵكی ناوچەی نەینەوا دوای كۆنتڕۆڵ كردنی شارەكەیان ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، سەبارەت بە دۆخی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا رایگەیاند: "بەپێی ئەو پەیوەندیانەی هەمانە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و تۆڕی زانیاری لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان، كە بە فەرمانی ژمارە 30 رۆژی 4ی نیسانی 2016 بۆ دۆزینەوەی راستییەكان سەبارەت بە ناوچە رزگار كراوەكان بە تایبەت دەشتی نەینەوا پێک هێنراوە، بۆمان دەركەوتووە كە نزیكەی ٨٥%ی خەڵكی ناوچەكە دوای كۆنتڕۆڵ كردنی شارەكەیان ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوان ترسیان لە ژیانی خۆیان، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان، نەبوونی هەلی كار و رەوشی ئەمنیی ناوچەكەیان هەیە .

دیندار زێباری ئاماژەیشی دا: "كێشەی هەرە گەورە لە هەندێک لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا، بۆ نموونە تلكیف و حەمدانییە، لە رووی ئەمنییەوە ئەوەیە كە ناوچەكە كراوە بە شارێكی عەسكەری و مەحكەمەی ئیرهابی و گرتووخانەی ئیرهابییەكانی تێدایە. گرووپە چەكدارەكان لەم ناوچانە بوونیان هەیە و ئەمەش وای كردووە خەڵكەكە ترسیان هەبێت لە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە لایێكی دیكەشەوە نەبوونی هەلی كار، خزمەتگوزاریی پێویست لە شار و شارۆچكەكاندا، بوونی ساتری سەربازی لە زۆربەی ناوچەكان كێشەی گەڕانەوەی دروست كردووە و خەڵكیش بەردەوام مەترسی لە رووبەرووبوونەوە هەیە".

لە كۆتایی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم گوتی: "دەبێ هەوڵ بدرێت دۆخی ئابووریی ئەم ناوچانە چاك بكرێتەوە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیانیان بۆ دابین بكرێت و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی خەڵكەكە بتوانن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها پێویستە هەوڵە هەواڵگرییەكان، لێكۆڵینەوەی ئەمنی لەو خانەوادانەی گومانی ئەوەیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، پەرەی پێ بدرێت و هانی خەڵكی بدرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان".

سەرچاوە: شەفەق نیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51469

Your Comment

You are replying to: .
captcha