ئێران له‌ کێشمه‌کێشمه‌ ئیقلیمییه‌کان به‌سه‌ر ئه‌مریکادا سه‌رکه‌وتووه‌/ بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کورددا نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کوردی عێراقی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێس ڕایگه‌یاند: هه‌رێمی کوردستان که‌ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مریکا هه‌یه‌ ئه‌بێت هه‌وڵ بدات که‌ ئه‌و ڕاستییه‌ به‌ ئه‌مریکا ڕابگه‌یێنێت که‌ ناتوانێت پێبه‌ندی گه‌مارۆکانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر ئێران ببێت. هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌، پێویسته‌ هه‌رێمی کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر درێژه‌ی پێوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران بکات و ئه‌وه‌ش به‌ ئه‌مریکا ڕابگه‌یێنێت که‌ ناتوانێت پێبه‌ندی گه‌مارۆکان بێت.

کوردپرێس: سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان پاش سه‌ردانی هاوتا ئه‌مریکییه‌که‌ی بۆ به‌غدا و هه‌ولێر پیشانده‌ری هه‌وڵی ئه‌م دوولایه‌نه‌یه‌ بۆ هاوڕا کردنی لایه‌نی عێراقی و کوردستانی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی خۆیاندا ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا که‌ واشنتن گه‌مارۆ تاکه‌ لایه‌نه‌کانی دژ به‌ ئێران خستۆته‌ گه‌ڕ. له‌م نێوانه‌شدا کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ هۆی بوونی پێوه‌ندیی قووڵ و دێرینه‌ له‌گه‌ڵ عێراقییه‌کاندا و هه‌روه‌ها بوونی پێوه‌ندیی ئایینی و ئه‌تنیکی و سنووری هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ خاڵی سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستۆیه‌.

کوردپرێس له‌ گفتوگۆیێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ دوکتور مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کوردی عێراقی و نوێنه‌ری چه‌ند خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق، سه‌ردانی زه‌ریف بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها ڕکابه‌ریی ئێران و ئه‌مریکا له‌ عێراق له‌ سه‌رده‌می گه‌مارۆکاندا دژ به‌ تاران و ئاماده‌ بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ کوردستان و عێراق و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ سووریا تاوتوێ کردووه‌.

ئێران له‌ کێشمه‌کێشمه‌ ئیقلیمییه‌کان به ‌سه‌ر ئه‌مریکادا سه‌رکه‌وتوووه‌

مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توانی کوردی عێراق له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا له‌باره‌ی سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ده‌رئه‌نجام و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوانیاندا وتی: به‌ ڕای من هاتنه‌که‌ی دوکتۆر زه‌ریف په‌یوه‌ندیی ئێران و عێراق به‌هێزتر ده‌کات و شاندێکی گه‌وره‌ی بازرگانیشی له‌گه‌ڵ بوو و له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌کان له‌ عێراق و هه‌رێم کۆ بوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق تۆکمه‌ بکرێت و عێراق نه‌چێته‌ ژێر باری سزاکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران. له‌و سه‌رچاوانه‌ی که‌ من لێیانم بیستوووه‌ چ لایه‌نی عێراق و چ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردوووه‌ که‌ سه‌ردانه‌که‌ زۆر به‌سوود بوووه‌ و ماوه‌ی سه‌ردانه‌که‌ش چوار بۆ پێنج ڕۆژی خایاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ من قه‌ناعه‌تم وایه‌ که‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ سوودی زۆری هه‌یه‌ بۆ پێوه‌ندیی نێوان عێراق و ئێران بۆ ئه‌وه‌ی که‌ زیاتر له‌ حاڵی یه‌کتر تێبگه‌ن و ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مریکاش که‌متر ته‌ئسیر بکات.

ناوبراو جه‌ختی کرد: به‌ ڕای من کۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌رکه‌وتوووه‌ له‌ ململانێیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا چوونکه‌ ئه‌مریکا سیاسه‌تێکی زۆر ڕوونی نییه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا و ئه‌وه‌ش گرینگه‌ که‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران میلله‌تی خۆی ڕازی بکات و کێشه‌ ناوخۆیییه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکات ئیتر مه‌سائیلی‌تر بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاسانتر ده‌بێت و ده‌توانێت به‌ سه‌ر گرفته‌کاندا زاڵ بێت و هه‌وڵیش بدات که‌ له‌گه‌ڵ کورد دۆست بێت چوونکه‌ کوردیش فاکته‌رێکی گرینگه‌ و ده‌توانێت له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کاندا ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت.

ده‌بێت هه‌رێمی کوردستان پێبه‌ند نه‌بوونی خۆی به‌ سزاکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران ڕابگه‌یێنێت

نوێنه‌ری پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی هاوسه‌نگه‌ ئیقلیمیه‌کان و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌مه‌ڕ وڵاتانی دراوسێ گرتوویه‌به‌ر ڕای‌گه‌یاند: هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ هه‌وڵ بدات باڵانسێک دروست بکات. هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت دژایه‌تی هه‌موو شتێکی ئه‌مریکا بکات به‌ڵام له‌ عه‌ینی وه‌ختدا ده‌بێت ئه‌مریکا ئه‌وه‌ بزانێت که‌ هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت کێشه‌ له‌گه‌ڵ ئێران دروست بکات یان خود دژی ئێران ببێت چوونکه‌ پێوه‌ندییێکی زۆر و سنوورێکی زۆری له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌ و ته‌بعه‌ن بازرگانی و هاتوچۆ و هه‌موو شتێکی له‌و جۆره‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ ڕای من هه‌رێمی کوردستان ئه‌بێ هه‌وڵ بدات له‌ کاتێکدا که‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا له‌ ئه‌مریکاش تێبگه‌یێنێت که‌ ناتوانێت پێبه‌ندی ئه‌و سزایانه‌ بێت که‌ ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت چوونکه‌ پێویستی به‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه‌ هه‌یه‌. ته‌قریبه‌ن له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ من بیزانم هه‌رێمی کوردستان ڕه‌فتاری له‌و شێوه‌ی هه‌یه‌.

سه‌رلێشێواوی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین

سیاسه‌توانی کۆنه‌کاری عێراقی له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ستراتێژیی نوێ ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌دا به‌تایبه‌ت له‌ پرسی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا و زیادکردنی ژماره‌ی سه‌ربازه‌کانی له‌ عێراق گوتیشی: به‌ ڕاستی ئه‌مریکا زۆر سه‌رلێشێواوییێکی هه‌یه‌ و نازانێت به‌ ته‌واوی خه‌ریکه‌ چی ده‌کات چوونکه‌ ئه‌مریکا تووشی سه‌رۆکێک بوووه‌ که‌ شه‌و و نیوه‌شه‌و له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت توویتێک ده‌کات که‌ جه‌ماعه‌ته‌که‌ی خۆیشی ئاگایان لێ نییه‌ یه‌عنی وه‌زعێکی ناڕێکه‌ ئه‌و شته‌ی که‌ ئێستا له‌ ئه‌مریکادا هه‌یه‌. ته‌بعه‌ن وه‌کوو ئیداره‌ی ئۆباما و ئه‌وانی‌تر ڕێکوپێک نییه‌. ئه‌وه‌ کێشه‌یێکه‌ و کێشه‌ی دووهه‌میش ئه‌مریکا ده‌ڵێت له‌ سووریا ده‌کشێمه‌وه‌ له‌ عه‌ینی وه‌ختیشدا تا ئێستا نه‌کشاوه‌ته‌وه‌ ئینجا دیار نییه‌ چۆنه‌ و چی ده‌کات. ئه‌مریکا ده‌ڵێت که‌ به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌کشێمه‌وه‌. ته‌بعه‌ن تورکیاش دژی کورده‌کانی ئه‌وێیه‌ و مه‌به‌ستیه‌تی که‌ ئه‌مریکا بکشێته‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ کورده‌کان بدات به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت که‌ ئه‌مریکا هه‌وڵ ئه‌دات که‌ تورکیا ڕازی بکات ناوچه‌یێکی ئارام له‌سه‌ر سنووره‌که‌ له‌ نێوانیاندا دابمه‌زرێت و ئه‌و ناوچه‌یه‌ ببێته‌ به‌ربه‌ست له‌ نێوان کورده‌کان و تورکیا. کێ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بکات ئه‌وه‌ ناکۆکی له‌سه‌ره‌. تورکیا ده‌یه‌وێت خۆی سه‌رپه‌رشتی بکات و کورده‌کان ده‌یانه‌وێت UN و هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌رپه‌رشتی بکات. ڕووسیا ده‌یه‌وێت به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رپه‌رشتی بکات و هه‌ریه‌که‌ به‌ نه‌وعێک ته‌ماشای ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ن و تا ئێستاش هیچێک نه‌بوووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستی سیاسه‌تی تره‌مپ ئه‌وه‌یه‌ ده‌وری ئه‌مریکا له‌و ئیلتیزاماته‌ و په‌یوه‌ندییانه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌تی که‌متر بکات و خۆیشی به‌ ئاشکرا ئه‌ڵێت ئێمه‌ ناتوانین ببینه‌ پۆلیس له‌ ئێران، له‌ عێراق و له‌ هه‌ر شوێنێکی جیهاندا. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ بیانپارێزین ده‌بێت پاره‌ یان نه‌وتمان بده‌نێ. ئه‌و به‌ ئاشکرا ئه‌م قسه‌ ده‌کات له‌به‌ر ئه‌وه‌ش به‌ قه‌ناعه‌تی من سیاسه‌ته‌که‌یان ئه‌وه‌یه‌ و گۆڕانکاریشی تێیدایه‌ و ئه‌وه‌ش به‌پێی ڕه‌ئییه‌کانی تره‌مپ خۆیه‌ و ئه‌وه‌ش کێشه‌ی زۆری تێدایه‌. له‌ هه‌ر حاڵ ئه‌بێ چاوه‌ڕوان بکه‌ین بزانین چی ده‌بێت.

بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کورد ناشکێته‌وه‌

مه‌حموود عوسمان له‌باره‌ی ئه‌و سیاسه‌ت و ستراتێژییه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت له‌ ململانێیه‌ ئیقلیمی و جیهانییه‌کاندا له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریکا بیگرێته‌به‌ر وتی: به‌ ڕای من هه‌رێمی کوردستان میلله‌تێکی لێیه‌ که‌ میلله‌تی کورده‌ و هه‌روه‌ها خه‌ڵکی‌تریشی لێیه‌ ئه‌رمه‌نی هه‌یه‌، ئاشووری و تورکمان و ئێزدیشی هه‌یه‌، ئه‌م هه‌رێمه‌ سوودی نابێت بۆی ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌مریکا لێی جێگیر بن یان ئه‌وه‌ی که‌ گه‌وره‌ترین کونسووڵخانه‌ی وڵاته‌که‌یان له‌ جیهاندا له‌ هه‌ولێر دابمه‌زرێنن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئیتیفاقێکی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ هه‌بێت یه‌عنی وه‌کوو ئه‌وه‌ی هه‌رێم داوا ده‌کات که‌ ئه‌مریکا زه‌مانه‌تێکی هه‌بێت بۆ هه‌رێم له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ نه‌ک له‌ ڕووی عه‌سکه‌رییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا له‌ دیداره‌کانیدا وه‌عده‌ و وه‌عیدی پاراستنی هه‌رێمی کوردستان ئه‌دات ئه‌وه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییێکی بۆ هه‌رێمی کوردستان نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئیتیفاقێکی سیاسی نییه‌. به‌ ڕای من بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێم و بوونی بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی به‌ شێوه‌یێکی زۆر زه‌ره‌ر له‌ هه‌رێم ده‌دات. هه‌رێمی کوردستان هه‌ندێک دراوسێی گرنگی وه‌کوو کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا هه‌یه‌ و ئه‌م وڵاتانه‌ش له‌ بوونی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که به‌تایبه‌ت له‌ خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا ناڕازین و مومکینه‌ پێیان خۆش نه‌بێت و کێشه‌ بۆ هه‌رێم دروست بکه‌ن. له‌م ڕوووه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیتیفاقی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا نه‌بێت و ئه‌مریکا زه‌مانه‌ت نه‌دات که‌ دواڕۆژی ئه‌و هه‌رێمه‌ ته‌زمین بکات زیادبوونی سه‌رباز و بوونی سه‌رباز و زیادکردنی باره‌گا سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕه‌نگه‌ زه‌ره‌ری زیاتر به‌ کورد بگه‌یێنێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51465

Your Comment

You are replying to: .
captcha