عەبدولمەهدی پرسی ئاوەدان کردنەوەی عێراق لەگەڵ بەپرسی حکوومەتی بەریتانیا و بەرپرسی بانکی جیهانی تاوتوێ دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی عێراق بە شێوەی جوداجودا لەگەڵ وەزیری ڕاوێژکاری حکوومەتی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی جیهانی کۆ بوویەوە و لەبارەی پرسی چاکسازیی عێراق گفتوگۆیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە دوو بەیاننامەی دەرکرد و ڕایگەیاند ناوبراو لە شاری بەغدا بە شێوەی جیاجیا پێشوازیی کردووە لە ئالیستر بێرت ڕاوێژکاری حکوومەتی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و میرزا حەسەن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی بەیاننامەکە عەبدولمەهدی ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی شانازی بە پێوەندییەکانی نێوان خۆی و بەریتانیا دەکات لە بواری شەڕی تیرۆریزم دا و لەندەن پشتیوانیی عێراقی کردووە لە شەڕی داعشدا هەروەها جەختی لەسەر هەوڵی چڕی عێراق کردەوە بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووری لەگەڵ بەریتانیا.

لای خۆشیەوە وەزیری بەریتانی وەبیری هێناوەتەوە کە وڵاتەکەی درێژە بە پشتیوانیی لە عێراق دەدات و خوازیاری تۆکمە کردنی پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ عێراقە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق و میرزا حەسەن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دیدارەکەیاندا سیاسەتەکانی بەغدایان بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات، ڕێگاکانی تۆکمە کردنی ئابووری، چارەسەر کردنی کێشەی خانووبەرە و هاوکاری لەگەڵ بانکی جیهانیان تاوتوێ کرد.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە دیداری عەبدولمەهدی لەگەڵ میرزا حەسەن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی دارایی نێوەنەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری تایبەتی بانکی جیهانی لە عێراق ئامادە بوون.

سەرچاوە: بەغداد ئەلیەوم

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51463

Your Comment

You are replying to: .
captcha