دیسان لە کوردستان شوالیە سیاسییەکان سەرهەڵدەدەنەوە/ محەمەد هادیفەر

بەشی وتار- لە فەڕەنسا نازناوی شوالیە بەو کەسانە دەبەخشرا کە لە نێوان تازە پێگەیشتووەکانی چینی دەرەبەگایەتیدا پۆستی فەرماندەییی سوارکارەکانی سوپایان پێدەبەخشرا و ئەو نازناوە تا ڕادەیێک وەکوو میراتی فەڕەنسا و بەریتانیا مایەوە. مەرج نەبوو کە شوالییەکان سەرباز بوونایە بەڵام ئەوەندەی بوو کە لە نێو ئەو چینە تازەپێگەیشتووەی ماقووڵ و دەرەبەگدا هەڵدەبژێردران کە دەستیان بە سەر سامان و دەسەڵاتی سیاسیدا گرتبوو. ئەو نازناوە دەستەوەژەیێکی گونجاوە بۆ ژمارەیێک لە تازەپێگەیشتووە سیاسییەکان کە لە هەر لایێکەوە با بێت شەن دەکەن.

کوردپرێس:

زۆر بەداخەوە لە شەستەکاندا کۆمەڵگای کوردستان دۆخێکی قەیراناویی بە سەردا هات و ئەو دۆخە وای کرد هەژموونیی ئەو شوالیەگەلە بەسەر ئەو زێد و هەرێمە بریندارەدا بچەسپێت. پاش ئەوەی یەکەم شوالیە لە ژێر ئاڵای بەرەیێکی سیاسیی وڵاتی ئێران سەری هەڵدا یەکەم خێوەتیش بۆ تازە پێگەیشتووەکان هەڵدرا و زۆر کەسی تامەزۆری دەسەڵات و پارە بە دەوری ئەم شانەیەدا پوورەیان بەست و بناغەیێکی نالەباریان لە کۆمەڵگای برینداری کوردستان دامەزراند.

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە زۆرینە وردکە شوالیەکانی ئێستا ساحەی سیاسیی کوردستان حوکمی سەربازە پیادەکانی هەمان شاسواری تاکە سواری تازەپێگەیشتووی سیاسەت و ئابوور بوون و پاش گەڕانی گەردوون و سەرهەڵدانی بەرەی بەرانبەر، هەموو ئەوانەی بە بەژن و باڵای بەرەی پێشودا هەڵیاندەگوت هاتنە ڕیزی بەرەی بەرانبەر و بەرەبەرە لە شوالیە یەکەمەکە دوور کەوتنەوە و سەودا و خولیای دەسەڵات و شاسوارییان کەوت سەر. بەوەشەوە پاش ئەوەی شوالیە یەکەمەکە گەڕایەوە کوردستان هەموو تازەپێگەیشتووەکان -جگە لە چەند کەسێکیان- بە ئاشکرا و بە نهێنی خۆیان خستەوە بارەگای شوالیە یەکەمەکە و داوایان کرد دیسان لە بازنەی فەرمانبەر و خزمەتکاری خۆی جێگایان بکاتەوە. لەو نێوانەدا نزا و پاڕانەوەی هەندێکیان قبووڵ کرا بەڵام هەندێکیشیان کەوتنە بەر غەزەب تا ئەو کاتەی کۆتاییی حەزینی دەسەڵاتی ئەو شوالیە یەکەمە نەهات هەر لە سووچێکدا ڕۆژیان ژمارد.

پاش ئەوەی لایەنی بەرانبەر هاتە سەر دەور، تازەپێگەیشتووەکان لە سووچی گۆشەگیری ڕزگاریان بوو و بە دوای دەرفەتدا دەگەڕان داخی خۆیان بڕژێنن بۆیە بە دەوری شانەی تازەدا پوورەیان بەست و هەر کەسەو لە لایێکەوە خۆی کرد بە شاسوار. زۆری نەخایاند ئەو تازەپێگەیشتووە کورتەباڵاگەلە بە هۆی لەخۆبایی بوونیان کە میراتی شانەی نووستووی سیاسەتی دانیشتووانی تاران بوو هەر یەکەو بوون بە شاسوارێک و ڕەفتاری ئەوتۆیان لە خۆ دەنواند کە خەڵکی سەد ڕەحمەتیان لە دز دەکرد.

وردکە شوالیەکان زۆر لە شوالیە یەکەمەکە قۆرخکارتر و دەمارگرژتر بوون. ئەم تازەپێگەیشتووانە ئەو کاتەی هێشتاکە هەستیان بە بوونی سێبەری نگریسی شوالیە یەکەمەکە دەکرد بۆ پۆشینی بەرگی شوالیەکان و وەرگرتنی پۆستەکان ئیزنیان لە شوالیە گەورەکە وەرگرت کە چرای بەختەکەی ڕوو لە کزی بوو. شوالیە تازە پێگەیشتووەکان نیگەرانی ئەوە نەبوون کە لە ڕێچکە و ڕەوتە سیاسییەکەیان لابدەن بەڵکوو نیگەرانی ئەوە بوون کە بۆ ماوەیێک لە دەزگا و بارەگای دەسەڵاتی شوالیە گەورەکە دوور کەونەوە.

تێپەڕبوونی دوو خولی دەسەڵاتدارێتیی شوالیەی یەکەم هاوکات بوو لەگەڵ سەردەمی پێگەیشتنی گەشەکردنی حەیاتی سیاسیی شوالیە تازەپێگەیشتووەکانی ئێستا کە تا ڕادەیێک لەگەڵ ڕۆحی ئارمانجخوازی ئەو تاقمە یەکی دەگرتەوە. بەڵام شوالیە تازەپێگەیشتووەکان لە تەمەنی مامناوەندیدا گەڕانەوە ساحەکە و ئاساییە کە ئەو تەمەنەش زیانی شەخسیەتیی لەگەڵ دەبێت و لانی کەم نەریت و ڕەفتاری شوالیەبوونیش لە شوالیە گەورەکەوە فێر نەبوون و لە هەموو ڕەهەندەکاندا لە خۆ بایی بوون و نەریت و ڕێسای ناحەزی شوالیەکانیان لە کۆمەڵگای مەینەتباری کوردستاندا بووژاندەوە. ئێستاش کە شەش ساڵ بە سەر ئەو شوالیە پوورەدراوانەدا تێدەپەڕێت هێشتا هەر بە تەشیە کۆنەکە دەیڕێسن و ئیدارەی پارێزگاکە ئاو بە هەمان ئاشە کۆندا دەکات و تەنها ئاشەوانەکە گۆڕاوە ئەگینا هەمان ئاشە و هەمان ئاو. ئەگەر شوالیە تازە پێگەیشتووەکانیش بڕوا بەم وتەیە ناکەن با سەریان بەرز بکەنەوە و دەنگی هاووڵاتییان لە سەر سەقامەکان ببیستن.

ئێستاش سەد ڕەحمەت بۆ شوالیە گەورەکە لەبەر ئەوەی چاوی لە ئاستێکدا تێر دەبوو بەڵام ئەم تازەپێگەیشتووانە بە هیچ تێر ناخۆن و پێچەوانەی ڕێچکەی شوالیە گەورەکە یەکەم کار کە کردیان ئەوە بوو هاوڕێ و هاوەڵەکانی خۆیانیان دوور خستەوە و ئەوەش وای کرد تەختی پاشاییی ئەو جەماعەتە بەرتەسک بکرێتەوە.

هەموان دەزانن مەنهەجی شوالیە یەکەمەکە بۆ حکومڕانی لە سەر بناغەی نەوچەپەروەری بوو. لە مەنهەجی ناوبراودا هەر شوێنکەوتوویێکی مەنهەجەکەی پێچەوانەی نەریتەکان بجووڵایەتەوە سزا دەدرا. زۆر مودیر و بەڕێوەبەری سەربە بازنەی خۆیان دەستیان لە زۆر هێنان و بردندا واڵا کرابوو. تەنانەت چایچیی ئیدارەکانیش دەبوو کڕنووشیان بۆ قیبلەی عالەم (شوالیەی گەورە) ببردایە ئەوسا شانازیی ئەوەیان پێدەبەخشرا کە ببنە خزمەتکار.

هەموان دەزانن بەرجەستتەترین تایبەتمەندیی شەخسیەتی شوالیەی یەکەم ئەوە بوو کە هەموان سەریان لە ڕێیدا بێت. کەمێکلە پۆست و نازناوە حکوومییەکانتان دوور کەونەوە و سەرنجێکی خۆتان بدەن. گومانتان نەبێت زۆر لە خودی شوالیە گەورەکەش زیاتر چوونەتە پێشێ. زۆر بە باشی کلتووری لیگارشیتان بە کوردستاندا بڵاو کردۆتەوە. وەرگرتنی بڕوانامە و پلە زانستی و ئاکادیمییە ساختەکانیشتان هەر لە خودی شوالیە گەورەکەتانەوە فێر بوون. بۆیە دەتوانین بڵێین ئێوەش درێژەپێدەری هەمان ڕێبازن بەڵام لە بەرگێکی نوێدا. شوالیە ڕووخاوەکە تەنها خودی خۆی بوو بەڵام ئێوەی ملەوەن مەعجوونێکی تێکەڵ و پێکەڵن.

زۆر بەداخەوە کلیلی گەشە و خەزێنەکەی کوردستان پاش ڕزگاربوون لە دەست ئازار و نەهامەتیی ڕابردوو کەوتۆتە دەست ئەم جەماعەتە تازەپێگەیشتووە کە ئیلتیزامیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە تەنها بۆ کەسانی دەوروپشتی خۆیان نەبێت. ئەم جەماعەتە لە بۆنە و ڕێکەوتە سیاسییەکاندا هەموو نەنگ و فریوی خۆیان دەخەنە گەڕ و خۆیان لە پشت دروشمە قەومی و ئتنیکییەکانەوە حەشار دەدەن و خەڵکی هەژاریش هەموو جارێک بە هیوای ئەوەی ئەم جارەیان دەرەچەیێک هەبێت متمانە بە شەوە و دێوزمە دەکەن. بەتایبەتی چینی خوێندەوار و نوخبە کە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتن و بە حەسرەتەوە دەڕواننە ئەو تەمەنەی لەکیسیان چوو و بە خەیاڵی ئەوەی کە بەڵکوو لەو دۆخە ڕزگاریان بێت مل بە هاوکاری و هاوڕایی لەگەڵ تازەپێگەیشتووەکان دەدەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51420

Your Comment

You are replying to: .
captcha