بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فلمی گوڵ نیسا لە دەرهێنانی هونەرمەندی سینەماکاری کوردستانی، ستار چەمەنی گوڵ و سناریۆی ویدا ساڵحی یە، تا ئێستا لە ٢٥ فێستیڤاڵی جیهانیدا نمایش کراوە و چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە، ساڵی رابردووش لە فێستیڤاڵی فلمی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا نمایش کرا.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فلمی "نوێگەرانە"ی سویسرا بە ئامانجی گوڕینەوە و پەرەدان بە دەرفەت و پڕۆژەی نێودەوڵەتیی لە رۆژانی ١٥ تا ١٨ی شوباتی ئەمساڵ لە شاری بێرنی سویسرا بەڕێوە دەچێت.
فلمی سینەمایی گوڵ نیسا باس لە چیرۆکی ژیانی دوو کەسایەتی دەکات بە ناوەکانی گوڵ محەمەد و گوڵ نیسا، وەک ژن و مێردێکی ئەفغانی پاش کۆچی نایاساییان بۆ ئێران لە کورەخانەیێکی خشت دروست کردندا کاردەکەن، لە شوێنی کارەکەیان تووشی ڕووداوگەلی جۆراوجۆر دێن و ژیانیان بە بارێکی دیکەدا دەگۆڕێت.
تا ئێستا ئەم فلمە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا خەڵاتی "باشترین فلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین فلم گرتنەوە، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن" بەدەست هێناوە.
کارە هونەرییەکانی ئەم فلمە، ستار چەمەنی گوڵ (دەرهێنەر)، ویدا ساڵحی (سناریست و گریم)، محەمەد فەکووری (بەرپرسی فلم هەڵگری)، بێهرووز معاونیان (دەنگهەڵگر)، کاوە عەزیزی (تۆمارکردن)، سیاوەش ڕەمەزان لوو و محەمەد توربۆریان (یاریدەدەرانی دەرهێنەر)، لەم فلمەدا سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە ڕەجەبی، ساقی زەینەبی، مەسعوود محەمەدی و ویدا عەموویی ڕۆڵیان گێڕاوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment