خۆپیشاندانی شیلادزێ دژی هێرشەکانی تورکیا گرژیی لێکەوتەوە/ هاووڵاتییێک گیانی لە دەست دا و 11ی دیکەش بریندارن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ناحیەی شیلادزێ‌ لەدژی هێرشەكانی سوپای توركیا توندو تیژی لێكەوتەوە خۆپیشاندەران بارەگایەكی سوپای توركیایان سووتاند. لە گرژیەکانیشدا خۆپیشاندەرێک گیانی لە دەست دا و 11ی دیکەش بریندار بوون.

کوردپرێس:

لەخۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی ناحیەی شیلادزێدا كە بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكانی سوپای توركیا و كوژرانی 5 هاووڵاتیی دانیشتووی ناوچەكە لەلایەن سوپای توركیاوە رێكخرابوو، خۆپیشاندەران هێرشیان كردوەتە سەر بارەگای سوپای توركیا لەو ناوچەیە و دەستیان بەسەردا گرت و دواتر بارەگاكە و چەند تانكێك و كەرەستەیێكی سەربازییان سووتاند.

تەلەڤزیۆنی ڕووداو رایگەیاند "دوای ئەوەی هاونیشتمانییانی شیلادزێ لەنێو سەنتەری شارۆچكەكە خۆپیشاندنێكی ناڕەزاییان دژی بۆردوومانەكانی ئەو دواییەی هێزەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە ئەنجام دا، خۆپێشاندانەكە لەكاژێر 2:00 تاوەكوو 3:00 بە شێوەیێكی هێمنانە بەردەوام بوو و، چەند گوتارێك پێشكەش كران و دوو بەیاننامەش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە خوێندرانەوە".

پەیامنێری رووداو لە شیلادزێ ، گوتیشی دوای خوێندنەوەی گوتارەكان داوا لە خۆپیشاندەران كرا كە خۆپیشاندانەكە كۆتایی پێبێنن و پەیامەكەیان گەیاند، بەڵام بەشێك لەو خۆپیشاندەرانەی لەنێو خۆپیشاندانەكەبوون بەرەو كۆمەڵگەی سیریێ چوون، كە یەكێك لە سەربازگەكانی سوپای توركیای لێیە و، چوونە نێو سەربازگەكە و بەشێك لەو سەربازگەیەیان ئاگر تێبەردا و، بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی توركیا خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستدا و 10 خۆپیشاندەریش برینداربوون، بەڵام خۆپیشاندەران بە گوللە بریندار نەبوون ، بەڵکو بەهۆی گاز و تێلدڕەوە برینداربوون، بەپێی زانیارییەكان هیچ خۆپیشاندەرێك بەهۆی گولـلەوە بریندار نەبووە، هەرچەندە سەربازەكان چەند گوللەیەكی هەواییان تەقاند".

د. نەجیب سەعید، بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی لەبارەی ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی شیلادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " تاوەکو ئێستا 11 خۆپیشاندەر برینداربوون، بەڵام برینی زۆربەیان سووکە".

هەروەها تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، سەربازەكان خۆیان ئاگریان لەنێو سەربازگەكە كردەوە ، هەروەها چەند خۆپیشاندەرێك چەند ژووری نزیك تێلی دەرەوەی سەربازگەكەیان ئاگر تێبەردا و هەوڵیاندا دوو تانكیش ئاگر تێبەربدەن .

دوای ئەو ئاڵۆزییە هێزێكی زیاتری پێشمەرگە گەیشتە شوێنەكە و ئێستا بارودۆخ هێوربووەتەوە .

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ (شەممە، 26-1-2019) تەرمی دوو هاونیشتمانی دیکەی ئامێدی کە بەهۆی بۆردوومانەکەی تورکیا لە گەلی رەشاڤا لە ئامێدی گیانیان لەدەستدابوو، لە دێرەلووک بەخاک سپێردران.

لە 23ـی ئەم مانگەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە دوو بۆردوومانی جیاوازدا شەش هاونیشتمانیی سڤیلی دەڤەری ئامێدییان کردە قوربانی، کە تاوەکو ئێستا تەرمی دوو لەو قوربانییانە نەدۆزراونەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51399

Your Comment

You are replying to: .
captcha