کوردپرێس:
لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشیان بڕیوە بۆ یەکخستنی نێو ماڵی کورد لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مژدەبەخشی هەواڵی خۆش بن بۆ هاووڵاتییانی هەرێم.
پاش نەهامەتیی شەڕی داعش و تەحەمول کردنی چوار ساڵی دژوار و قەیرانی قووڵی ئابووری لە هەرێمی کوردستان ئێستا ڕەنگە دەلاقەیێک بەرەو هێمنی و خۆشبژێوی کرابێتەوە. شەڕی داعش تەواو بووە و دوو حیزبی پارتی و گۆڕان خوێندنەوە بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەکەن ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو دوو حیزبە پاش داخرانی پەرلەمانی کوردستان گرفتی قووڵیان لەگەڵ یەکتر بوو.
هەر دوو حیزبی پارتی و گۆڕان بە یاوەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەبەستیانە هەنگاوی یەکلایی بۆ قۆناغی کۆتاییی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببڕن و ئەمەش مژدەبەخشی چوار ساڵی ئارام و هێمن دەبێت لە سەرتاسەری عێراق. لە لایێکی دیکەشەوە یەکێتی و پارتی گەشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نوێ کە دەبێتە جێگرەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2005ی نێوان مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانیی کۆچکردوو. لەم نێوانەشدا بەشداری کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی نوێی عێراق و گەڕانەوەی ئەو حیزبە بۆ بەغدا کاتێکەریی ئیجابیی لەو پڕۆسەیەدا بووە.
دانا عەبدولکەریم ئەندامی دانووستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان لە میانی پرێس کونفڕاسی پاش دیداری سێهەمی حیزبەکەی لەگەڵ پارتی کە ڕۆژی 22ی کانوونی دووهەمی 2019 بەڕێوە چوو ڕایگەیاند: دانووستانەکە بۆ دانانی بناغەیێکی قایم و کۆکردنەوەی متمانە و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەدەسەڵات بوو بە شێوەیێک کەئەو حکوومەتە بتوانێت زامنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کە هاوینی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو زەبری قورسی لێکەوت و نیوەی کورسیەکانی خۆیی لە دەست دا. ئەو حیزبە پێش دە ساڵ بە ئامانجی ڕیفۆرم و چاکسازی سەری هەڵدا. گۆڕان ساڵی 2013 هاتە نێو حکوومەت بەڵام ململانێی گۆڕان لەگەڵ پارتی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ناسەقامگیریی لە حیزبەکەدا دروست کرد و لەم نێوانەشدا دەنگدەرانی گۆڕان دۆڕاوە گەورەکە بوون. پارتی پاش ئەو شکستە قورسەی کە گۆڕان هێنای گەیشت بەو قەناعەتەی کە ئەگەر موناقەشە و گرفتێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەی مەسروور بارزانی بوونی هەبێت هەمان گۆڕان دەبێت نەک یەکێتی.
پارتی دیموکراتی کوردستان نایهەوێت هەڵەکانی چوار ساڵی ڕابردوو دووپات بکاتەوە. لە بەر ئەوەی دەرکردنی گۆڕان لە پەرلەمان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا گرفتی بۆ مەشرووعیەتی پارتی دروست کرد و پارتی نایهەوێت دیسان ئەو هەڵەیە دووپات بکاتەوە. کۆمەڵگەی دەولی و هەرێمایەتییش بەبۆنەی شەڕی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داعش یارەمتیی هەولێریان داوە. ئێستا شەڕی داعش ڕوو لە تەوابوونە و بەرپرسانی هەولێریش دەزانن کە چیتر ناتوانن هەمان ڕەفتاری ئەکتەوبری 2015یان هەبێت. (لەو ڕێکەوتەدا بوو کە پاڕتی ڕێگەی بە گۆڕان نەدا بێنە پەرلەمانی کوردستان.)
بزووتنەوەی گۆڕان کاریزما گەورەکەی لە دەست داوە کە نەوشیروان مستەفای خوالێخۆشبوو بوو. هەر بۆیەش دەسەڵاتی لە پەرلەمان کز بوو. ئێستا گۆڕانیش گەشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە موناقەشە کرد و ململانێکانی لەگەڵ پارتی هیچی تێدا نیە جگە لە کێشە دروست کردن بۆ هاووڵاتییان. ئێستا هەڵبژاردنی داهاتووش بەڕێوەیە و گۆڕان نیازیەتی کورسیە فەوتاوەکانی زیندوو بکاتەوە. هەر بۆیەش گۆڕان بەرنامەیێکی تۆکمەی ئامادە کردووە بۆ چاکسازی کردن لە حکوومەتی هەرێم. ئەو ئەجیندایەی گۆڕان ئەو دەرفەتە بە حیزبەکە دەدات کە چاودێریی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و وەزارەتخانە نێوخۆییەکان و وەزارەتی دارایییش بکات.
بەو حاڵەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەر بووە لە یەکخستنی پارتی و گۆڕان و ئێستا لە سەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەکات و لەو قەناعەتەدایە کە دەبێت گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت. فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕۆژی 21ی کانوونی دووهەمی 2019 بە کوردستان 24ی وت: ئێمە بەنیازین دەوڵەتێکی تۆکمە و بەهێز پێکبهێنرێت لەبەر ئەوەی چیتر ئەو کێشانە سەرهەڵنەدەنەوە کە لە کابینەی پێشوودا بینیمان. کابینەی پێشوو بە پەلە پێکهێنرا و ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆی زیاتر بوو. ئەگەر گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ یەکتر بکەین باشتر لەوەیە کە بە پەلە حکوومەت پێکبهێنین.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتیشی پێویستە لە دانووستانەکاندا مەسەلەی کەرکووک و پێوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بکرێتە یەک پۆکێج. ئەگەر پارتی و یەکێتی لە سەر مەسەلەی کەرکووک کۆدەنگ نەبن ئەو ڕاجیاوازییە شوێندانەر دەبێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
کاتێک پرسیاری ئەوە کرا کە ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ یەکێتی پێکدەهێنرێت فەرید ئەسەسەرد هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەو بابەتە بژاردەیێکی زۆر خراپ دەبێت و ماناکەی ئەوە دەبێت کە یەکێتی وەلا نراوە. ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوێتە دەرەوەی حکوومەتی هەرێم هەموو ئەگەرەکان لەبەردەستدا دەبن و حکوومەت لەو حاڵەتەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێت. ناوبراو داواشی کرد کە پارتی بە بێ ئەوەی ژمارەی کورسییەکان لەبەر چاو بگرێت بە شێوازێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات لەبەر ئەوەی یەکێتی ناوچەیێکی بەدەستەوەیە کە بەقەدەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی دەبێت و بەقەدەر ئەو حیزبەش هێزی سەربازیی پێیە.
پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەم دانووستاندنانەی ئێستاوە ڕەوتێکی ئیجابیی گرتۆتە بەر. ڕەنگە قەبارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گەشتبێتنە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت لە سەر بنەمانی شتگیریی وڵاتانی هەرێمی و دەولی هاوکاریی یەکتر بکەن. ئەلمۆنیتۆر وتوویەتی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە پێش چەند ڕۆژ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو لەگەڵ یەک بە یەکی حیزبەکان دیداری کردووە و داوای لێکردوون کە هەموویان پێکەوە کابینەیێکی تۆکمە و سەقامگیر پێکبهێنن.
ڕەهەندێکی هەرەگرینگی دانووستانی نێوان پارتی و گۆڕان لە گفتوگۆکانی ئەو دواییەدا ئەوە بوو کە قسەیان بەرانبەر بە یەکتر نەرم بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو پارتی و گۆڕان لەبارەی ڕووداوەکانی 17ی ئەکتەوبرەوە تۆمەتی خەیانەتیان لە یەکتر دەدا. سەردار قادر ئەندامی سەرکردایەتیی گۆڕان ڕۆژی 22ی کانوونی دووهەمی ئەمساڵ ڕایگەیاند: ئێمە ناڵێین گۆچانی سیحراویمان پێیە. ئێمە دەڵێین لە سەر ئەجیندایێکی ڕیفۆرخوازانە سەرقاڵی گفتوگۆ کردنین. ئەگەر جفاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێ دەربکات بە پێی ئەو بنەما و ئەجیندایەی بڕوامان پێیەتی بەشداریی حکوومەت دەکەین. نە بەشداریکردنی حکوومەت خەیانەتە و نە چوونە ناو لایەنی موعارەزەش خەیانەتە.
سەرچاوە: ئەلمۆنیتۆر
نووسەر: فازڵ هەورامی
وەرگێڕان: ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس/ بەشی جیهان
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment