یەکەم گەشتی ئاسمانیی تورکیا بۆ سلێمانی ئەنجام درا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستی پێکردەوە و دوای نزیکەی ١٦ مانگ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوولا، ھێڵی تورکش ئێرلاین یەکەم گەشتی خۆی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام دا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە دوای بڕیاری تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی، یەکەم گەشتی نێوان ھەردوولا لە رێگەی ھێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاین ئەنجام درا و فڕۆکەیێکی ئەو ھێڵە کە لە ئیستانبوڵەوە ھاتبوو و بە ژمارەیێک سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی نیشتەوە.

بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەمەد لەو بارەیەوە وتی: "دوایی ئەوەی حکوومەتی تورکیا رۆژی پێنجشەممە لە ڕێگەی فڕیننامەیێکەوە بەفەرمی گەمارۆ ئاسمانییەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ھەڵگرت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ھێڵی ئاسمانیی تورکی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و گەشتەکانی نێوان ھەردوولا دەستی پێکردەوە".

لەدوای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ھێڵی ئاسمانیی تورکی ھەفتانە حەوت گەشتی ئاسمانیی لە نێوان ئیستانبوڵ - سلێمانی-دا ئەنجام دەدات.

لە رۆژی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١٧ و لە چوارچێوەی راپۆرتی فڕۆکەوانیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق وەک کاردانەوەیێک بەرامبەر بەڕێوەچونی پڕۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بە رووی فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی داخران.

دوای ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقی، تورکیا لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ راپۆرتێکی فڕۆکەوانی بڵاو کردەوە و تەواوی ئەو گەشتە ئاسمانییانەی ھەڵوەشاندەوە کە لە کایەی ئاسمانی تورکیاوە بۆ ئەم دوو فڕۆکەخانەیە ئەنجام دەدرا.

لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٨دا بە بڕیاری حکوومەتی ناوەندی عێراق قەدەغەی فڕینی لەسەر ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی ھەڵگیرا، بەو ھۆیەوە گەشتەکانی تورکیا بۆ ھەولێر دووبارە دەستیپێکردەوە، بەردەوامیش بە قەدەغەی سەر فرۆکەخانەی سلێمانی درا.

دوای نزیکەی ١٦ مانگ لە بەردەوامی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و ھەڵسەنگاندنەکانی حکوومەتی تورکیا، بڕیاردرا بە ھەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ەوە، ئەمڕۆش ھێڵی ئاسمانیی تورکی یەکەم گەشتی ئاسمانیی خۆی ئەنجام دا و ھەفتانەش حەوت گەشتی ئاسمانیی لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-دا ئەنجام دەدات.

بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵا لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا تایبەت لەسەر ئەو بابەتە و زیانەکانی فڕۆکەخانەکە لە ماوەی رابردوودا قسە بکات.

پێشتر بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، بەردەوامی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی زیانی گەورەی بە فڕۆکەخانە و گەشتەکانی گەیاندووە، بەشێوەیێک لەسەدا ٣٦ی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە کەمی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٨ دا فڕۆکەخانەکە رۆژانە ١٥ ھەزار دۆلار زیانی کردووە و کۆی گشتی ئەو زیانەش لە ماوەی ساڵەکەدا گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلار.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 51386

Your Comment

You are replying to: .
captcha