پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ستراتێژیکن/ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا سێ هێندە بەرز بووەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند: سەردانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان پیشاندەریی پێشینە و قووڵایی پێوەندییەکانی هەردوو لایەنەکەیە و پێوەندییە ستراتێژیکەکان لە هەردوو لاوە پێشوازییان لێدەکرێت.

کوردپرێس: سەفەری ئەم دواییەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان ئەوش لە کاتێکدا کە ئەمریکا هەوڵی لاوەزا کردنی پێوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەدات گرنگایەتییێکی دووهێندەی هەیە. بەڕێوە بردنی دوو کۆنفرانسی ئابووری لە هەولێر و سلێمانی بە ئامادە بوونی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی ڕۆڵی ئەم سەردانەیەی برجستەتر کردەوە. کۆڕبەندێکی ئابووری کە بە وتەی بەرپرسی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سێ هێندە کردووەتەوە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف بۆ هەولێر و سلێمانی چۆن بە کوردپرێسی وت: بەشێوەیێکی گشتی سەفەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق بە عام و بە تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە بوو، ئەمە دووهەمین سەفەرە کە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، سەفەری ئەمجارە لەم کات و ساتەدا سەفەرێکی زۆر گرینگ بوو و چەند بابەتی گرینگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و لێک تێگەیشتنێکی زۆر نزیکیان هەبوو.

ئاکرەیی زیادی کرد دوو تەوەری گرینگ لە ناو سەفەری جەنابی زەریفدا بوو: یەکەمیان ئەو بوو کە شاندێکی بازرگانی لەگەڵیاندا بوو کە ئەو شاندە کۆنفرانسێکی لە هەولێر ئەنجام دا و بە ئامادە بوونی تاجرە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، ژووری بازرگانی، بەرپرسانی بازرگانیی حکوومەت و هەروها ئامادە بوونی خودی وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەها ئامادە بوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئیدامەی کونفرانسەکەی پێشوو بوو کە لە هەولێر کرا. لە کونفرانسەکەدا شتی زۆر گرینگ باس کران، باسی ئەوە کرا کە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی بەقووەتتر بکرێت و پێوەندییە بازرگانییەکان بەرەو ئاستێکی بەرزتر بڕۆن. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتەکانیدا وتی ئێمە ئامادەین بە هەموو شێوەیێک هەوڵ بدەین هاوکارییەکانمان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چڕ بکەینەوە و هیچ کۆتایی ناکەین لەم بارەیەوە.

ناوبراو وتیشی: دووهەم تەوەری سیاسی بوو و پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەسەر کرا. سەفەرەکەی جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران نیشانەی ئەوەیە کە پێوەندییەکان زۆر بەهێز و بەقوەتن و تەئکید کراوە لەسەر پێوەندیی ستراتێژیک کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە.

عەبدوڵڵا ئاکرەی لەبارەی سەردانی پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و ئامانج لە سەردانەکەی بۆ عێراق کە زیاد کردنی گوشارەکان بوو بۆ سەر ئێران لە قۆناخی گەمارۆکاندا وتی: بەشێوەیێکی گشتی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە تایبەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا، ئێمە سنوورێکی دوور و درێژمان هەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروها لەگەڵ تورکیا و ڕەگی حەیاتیی ئێمەیە بۆ بازرگانی کردن بۆیە ئێمە ئەهەمییەت بەو پێوەندییانە دەدەین و لە دێر زەمانەوە کە ئەم میللەتانە پێکەوە ژیاون و ئێستاش پێکەوە بەسراون، فەرهەنگ و کەلتوورێکی هاوبەشمان هەیە و هەر پێکەوەیش دەبین چ بمانەوێت چ نەمانەوێت. بۆیە ئەم پەیوەندییانە موحکەمن و کەسیش ناتوانێت کاریگەری لەسەریان بکات.

بەرپرسی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران هەرێم و هەوڵدان بۆ بەرز کردنەوەی ئاڵوگۆڕەکان و هەروەها ئەو لەمپەڕانەی کە لەبەردەمیدان ڕایگەیاند: پێش کۆنفرانسەکەی پێشووتر ئاستی بازرگانیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو و بە شێوەیێکی گشتی تاجرەکان ناڕازی بوون لەسەر هەموو سنوورەکان لە پەروێزخانەوە بگرە تا حاجی ئۆمەران و باشماخ. بەڵام پاش ئەو کۆنفرانسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەولێر ئەنجامیان دا لە هەرێمی کوردستان ئەوەش بە ئامادە بوونی هەر چوار ژووری بازرگانیی هەرێم واتا دەهۆک و هەولێر و سلێمانی و گەرمیان هەر هەموویان تاجرە گەورەکانیان ئامادەبوون و هەموو مەوزوعی گرینگ لەو کۆنفرانسەدا باس کران، پاش ئەو کۆنفرانسە بە شێوەیێکی گشتی ئێمە بینیمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەرزەکان بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕۆن و ڕەفتارەکان دەگۆڕێن هەروەها دوای ئەو کۆنفرانسە دەستمان کرد بە کۆبوونەوە لەگەڵ خودی گومرکەکانی سەر سنوور و دەرمان هێنا کە زەعفەکە لە کوێیە یا موشکیلەکان لە کوێن بە دەخالەتی پارێزگارەکانی هەولێر و ورمێ ئەو کێشانەی لە ناوچەی باشماخ و پەروێزخان و تەمەرچین بوون زۆرینەیان چارەسەر کرا، ئێستە دەتوانم بڵێم دەرسەدێکی کەم گیروگرفت هەیە کە ئەویش بە شێوەیێکی گشتی تەواو دەبێت بۆیە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو کاتەوە هەتا ئێستا سێ هێندە بەرز بووەتەوە بە دەقیق ناوتوانم بڵێم بەڵام 60 لەسەد لە بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق لە هرێمی کوردستان دەکرێت.

عەبدوڵڵا ئاکرەی لەبارەی کردنەوەی سەنتەری بازرگانیی هاوبەش لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: لەبارەی ئەو مەوزووعەوە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت باس بکرێت و ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ دابنرێت تا دەگاتە خاڵی جێبەجێ کردن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51343

Your Comment

You are replying to: .
captcha