به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خالد هادى چاوشلی سه‌رۆكى دیوانى چاودێریی داراییی هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "هه‌رچه‌نده و به‌پێی یاسای دیوان كار و چالاكییه‌كانى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان و كه‌رتى نه‌وت و گاز ده‌كه‌ونه ژێر ڕكێفى دیوان به‌ڵام لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ڕێخۆشكه‌ر نه‌بوووه بۆ پێشكه‌ش كردنى دۆكیومنت و زانیاری پێویست بۆیه دیوان نه‌یتوانیوه وردبینى ئه‌م پرۆسه‌یه بكات".
خالد چاوشلى ده‌شڵێت: "هه‌رێمى كوردستان تاكوو ئێستا خاوه‌ن ده‌ستوور و دادگاى ده‌ستوورى نییه، هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ى سیماى دوو ئیداره‌یى به‌هۆى مانه‌وه‌ى به‌شێكى گه‌وره له هێزه سه‌ربازییه‌كان که له ده‌ره‌وه‌ى چه‌ترى دامه‌زراوه‌یی پێویست كار ده‌كه‌ن، كاریگه‌ریى نه‌رێنى گه‌وره‌یان ده‌بێت له‌سه‌ر قۆناغه‌كانى داهاتوو، له‌سه‌ر تواناى دادوه‌رى و جێبه‌جێى كردنى بڕیارى دادگاكان، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شه‌دا دیوان به‌پێى ده‌سه‌ڵاتى خۆى و له چوارچێوه‌ى ئه‌و یاسایه‌ى بۆى دیاری کراوه داوا له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رپێچییه‌کان ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌مه‌ش به ڕه‌چاوكردنى جۆر و ئاستى سه‌رپێچى و به‌هاكه‌ى، دیوان بۆى هه‌یه به شێوه‌یێكی ڕاسته‌وخۆ هه‌ندێک كه‌یس ڕه‌وانه‌ى داواكارى گشتى بكات."
سه‌رۆکى دیوانى چاودێریی داراییی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات که دیوان ده‌رفه‌ت و مه‌رجه‌كانى پیشه‌یى پێویستی بۆ نه‌ڕه‌خساوه تاكوو بتوانێ گشت ئه‌ركه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات له‌گه‌ڵ ئاشکراکردنى ئه‌و هۆکارانه‌ى بوونه‌ته هۆى دروست بوونى کاریگه‌ریی نه‌رێنى له‌سه‌ر چالاکییه‌کانى چاودێرى دارایی.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment