به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێبوار تاڵه‌بانی له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکا و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که پۆستی پارێزگاری که‌رکووک مافی كام لایه‌نه‌یه گوتی: "له ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه لیستی برایه‌تی زۆرینه‌یه بۆیه ده‌بێت لێی گه‌ڕێین بۆ لیسته‌كه كه كێ داده‌نێن و گرنگ ئه‌وه‌یه خزمه‌ت به شاره‌كه بكات."
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردوووه: لیستی برایه‌تی که له چه‌ند لایه‌نێكی شاره‌كه پێكهاتووه زۆرینه‌یان پارتین دواتر یه‌كێتی، پاشان لایهنهكانیتر، ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن" بێت پۆستی پارێزگار "ئیستحقاق"ی پارتییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێی "ئیستحقاق"ی سیاسی بێت ئه‌وه ڕێكکه‌وتنی ده‌وێت.
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک به‌وه‌کاله‌ت ڕاشیگه‌یاند: "هه‌تا بارودۆخی که‌رکووک ئاسایی نه‌كرێته‌وه پارێزگاری که‌رکووک دانانرێت چوونكه ئه‌گه‌ر داشبنرێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری ناتوانرێت له شاره‌كه جێبه‌جێ بكرێت بۆیه ناكرێت پارێزگارێک دابنرێت له ژێر پۆستاڵی عه‌سكه‌ری".
ڕێبوار تاڵه‌بانی ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ که‌رکووک ڕایگهیاندوووه که ده‌ست له كار ناكێشێته‌وه چوونكه به وته‌ی ناوبراو ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ركووک په‌یوه‌ندی به كه‌سێكه‌وه نییه و چاو‌ڕێی ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌که ده‌کات.
تاڵه‌بانی له وه‌ڵامی پرسیارێکیشدا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دانانی پارێزگار ئایا ئاماده‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ که‌رکووک به مه‌به‌ستی سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و دانانی پارێزگارێكی كورد ده‌ڵێت: "هه‌تا بارودۆخی ئه‌منی بۆم مسۆگه‌ر نه‌بێت و لایه‌نێک گره‌نتی ته‌واو له‌سه‌ر پاراستنی ژیانم نه‌دات ناچمه‌وه كه‌ركووک به‌ڵام ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركووک كرا ئاساییه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به‌ڕێوه ده‌به‌م."
ئه‌م لێدوانه‌ی ڕێبوار تاڵه‌بانی دوای ئه‌وه دێت که قادر عه‌زیز ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتى ڕایگه‌یاند که حزبه‌که‌ی تا پارێزگاری که‌رکووک وه‌رنه‌گرێت ئاماده نییه به‌شداری له حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستاندا بکات.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment