کوردپرێس:
سهعدی گوڤهن سهرۆكی دامهزراوهی باڵای ههڵبژاردنهكانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەستەمە کەسێک هاوڵاتی تورکیا نەبێت، بتوانێت دەنگ بدات، لە تۆماری دەنگدەرانیشدا شەش هەزار کەس هەبوون کە تەمەنیان لە سەروو ١٠٠ ساڵییەوە بووە، هاوکات ناوی مردووەکانیان لە تۆمارەکەدا سڕیوەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەکارییە بەراییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ٣١ ی ئازار تەواو کردووە.
بەمەبەستی بەشداریکردن بەشێوەیەکی کارا لە ھەڵبژاردنی شارەوانی و موختارەکان کە کۆتایی مانگی ئازاری داهاتوو لە تورکیا و باکوری کوردستان بەڕێوەدەچێت، حەوت پارتی سیاسی کوردی لە ژێر چەتری هەدەپە، هاوپەیمانێتیان دروست کردووە.
هەڵبژاردنەکە بۆ هەدەپە سەختە، بەو پێیەی لە دوای دوو ساڵ دێت لە هەڵمەتێکی چڕوپڕی حکومەت بۆ دورخستنەوە و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی لایەنگر و ئەندامەکانی، کە هاوسەرۆکانی پێشووی ئەو پارتە و ژمارەیەکی زۆر لە پەلەمانتاریشی لەخۆگرتووە.
گرنگیی هەڵبژاردنەکەش لەوەدایە کە دوای ئەوەی سیستمی حکومڕانی لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا، دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بەرتەسک بوونەتەوە و زۆربەی دەسەڵاتەکان بۆ سەرۆک شارەوانی گوازراونەتەوە، هەر بۆیە دواین دەرفەتە بۆ کورد و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا تا پێگەی سیاسیان بەهێزتر بکەن، بەو پێیەی تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ هەڵبژاردنێک لە تورکیا ناکرێت.
گرنگییێکی تری هەڵبژاردنەکان لەوەدایەم کە دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن لە دوای گۆڕینی سیستمی حکومڕانی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەر بۆیە هەندێک هەڵبژاردنەکەی وەک ڕیفراندۆم چوواندووە کە ئەنجامەکەی ئاستی هێزی پارتی دەسەڵاتدار نیشان دەدات.
لەو چوارچێوەیەشدا هەدەپە لە ژێر دروشمی (وڵات چاوەڕێ ئێمەیە) هاوپەیمانێتی لەگەڵ حەوت پارتی باکوری کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکان راگەیاندووە و تا ئێستاش ناوی بەربژێرەکانی بۆ سەرۆکایەتی ٤١شار و شارەوانی باکوری کوردستان راگەیاندووە.
هەرچی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) یشە، بەهەمان شێوە هاوپەیمانێتیان ڕاگەیاندووە تا بە یەک لیست بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، کە بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ بەڕێوەبچیت.
پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکان ڕکابەریی بەهێز بەخۆوە ببینێت بە تایبەتی لە شاری ئەستەنبوڵ، کە بەتورکیای بچوک ناودەبرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس دەبێت و لەلایەن ئاکەپەوە عەلی بن یەڵدریم بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ کاندیدکراوە.
بۆ هەدەپەش ئەستبوڵ گرنگی خۆی هەیە بەو پێیەی نزیکەی پێنج ملیۆن کورد لەو شارەدا دەژین و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە کۆی ١٠٤ سەرۆکی شارەوانی هەدەپە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ دا ئەو پۆستەیان بەدەستهێنا، ٩٦ یان لەلایەن ئاک پارتیەوە قەیوم کراون و ئەندامانی ئەو پارتە لە جێگەیان دانراون.
لە ئێستاشدا ئاک پارتی زۆربەی ئەو ٩٦ کەسەی جارێکی تر بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و موختارەکان کاندید کردووەتەوە.
Your Comment