ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکانی ئەمریکا نەهێندراونەتە هەرێمی کوردستان

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر: "لە بابەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا هیچ پرس و راوێژ بە هەرێمی کوردستان و عێراق نەکراوە".

کوردپرێس:

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئاشکرای دەکات هیچ پرس و راوێژ بە هەرێمی کوردستان و عێراق نەکراوە و رەتیشی دەکاتەوە هیچ هێزێکی ئەمریکا لە سووریاوە هێندرابێتە هەرێمی کوردستان و جێگیر بووبێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە هیچ هێزێکی ئەمریکا و بیانی لەسەر سنوور بڵاوەیان پێ نەکراوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا یەک بنکەی راوێژکاری لە هەولێر هەیە. هاوکات باسی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزی پێشمەرگە دەکات.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر لە دیمانەیێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبارەت بە پرسی یارمەتی و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشـمەرگە گوتی: "یارمەتییەکانی هێزی هاوپەیمانان تا ئێستاش بەردەوامە و یارمەتییەکان چەند جۆرێکن کە بریتین لە بوونی راوێژکار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لە رێگای فڕۆکە جەنگییەکان، کەواتا لە سەرەتای دروستبوونی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی، راوێژکارەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ ‌هێزەکانمانن لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها بە فڕۆکەی جەنگی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە دەکەن لە بۆردومانکردنی داعش، لەگەڵ ئەوەشدا، ئیستا بەردەوامن لە مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە کە ناوەندێکیان هەیە بەناوی ناوەندی هاوپەیمانان بۆ مەشقکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە دابینکردنی پێویستییە جەنگییەکان هاوکارمانن بە تایبەتی ئەمریکا، هەروەها بەشدارن لە پڕۆسەی ریفۆڕم لە وەزارەتی پێشمەرگە".

لەبارەی دەنگۆی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەیان لە سووریا، جەبار یاوەر گوتی: "قسەکردن لە بابەتی پڕۆسەی كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زۆر پەلەکرا و دوای تویتەکەی دۆناڵد ترەمپ جۆرەها قسە و باسی لەسەرکرا لەڕاستیدا تا ئێستا پڕۆسەی کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا دەستی پێ نەکردووە، پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی خاوە، زۆربەی فەرماندە سەربازییەکان دەڵێن ئێمە لەو کاتەوە دەست دەکەین بە کشانەوە کە شەڕ نەمینێت لە سووریا و ئاسایشی ناوچەکە بەرقەراربێت و ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە، ئەوا پلانی خۆیان هەیە و سروشتی پلانەکە وایە کە رایناگەیەنن هەتا پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە هەر قسەیەک لە دەرەوەی ئەم بابەتە دەکرێت هەمووی لێکدانەوە بێت و شتێکی فەرمیی نییە".

سەبارەت بە پەیوەندی و گفتوگۆی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی کشانەوەی ‌هێزەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر گوتی: "ئێمە هیچ ئاگاداری بابەتی کشانەوە نین و گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە نەکراوە و باوەڕیش ناکەم لەگەڵ عێراقیش کرابێت، لەو باوەڕەدام کە پڕۆسەکە کاتی زۆرتری پێویستە".

ماوەیێکە دەنگۆی بوونی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی هەرێم بڵاوبووەتەوە و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها یەک بنکەی راوێژکارییان لە هەولێر هەیە و گوتی: "لە هەرێمی کوردستان ئەوەی هەیە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە، ئەوانیش پێیان ناڵێن بنکەی سەربازی ئەمە بارەگایێکە بۆ هەماهەنگی و کۆمەڵێک ئەفسەرن بۆ راوێژکاریی بەکاردێت، ئەمریکا لە هەرێم و لە عێراقیش هێزی شەڕکەری نییە، بەڵکو هێزێکی هەیە راوێژ دەدات بە هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخستنی هێزی سەربازی دەکات لە نێوان هێزی زەمینی و هێزی ئاسمانی لەگەڵ فڕۆکەکان، باوەڕیش ناکەم هێزێکی شەڕکەر بهێننە عێراق".

بەرلە چەند رۆژێک دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هێزێکی ئەمریکا لە سنووری هەڵەبجە بڵاوەی پێکراوە، لەم بارەیەوە جەبار یاوەر گوتی: "دەنگۆی بڵاوکردنەوەی هێزەکان لەسەر سنوور راست نییە و هەرچی دەگوترێت هەمووی هەواڵی بێ سەرچاوەن یان لێدوانی کەسێکە و پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، هیچ هێزێکی ئەمریکا بوونی نییە".

جەبار یاوەر گوتیشی: "ناتواندرێت هێزێکی ئەمریکی بڵاو بکەیتەوە بێ ئەوەی ئاسایشی زەمینی و ئاسمانیی لە ناوچەکە نەبێت، بۆیە ئەمە تەنها قسەیە و هیچ شتێکی فەرمیی نییە. جگە لەوەش، دەبینین ئێمە لەگەڵ تورکیا ٧٠٠ کیلۆمەتر سنوورمان هەیە و لەگەڵ ئێران هەزار کیلۆمەتر سنوورمان هەیە، بۆیە ناتواندرێت هێزێک وا بەئاسانی لە هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتر بڵاوەی پێ بکرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر ئاماژە بەو هەواڵە دەکات کە لەبارەی سەربازگەی کەی وەن بڵاوکرایەوە و گوتی: "ئەو رۆژەی کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هێزێکی ئەمریکا چووەتە سەربازگەی کەی وەن لە پارێزگای کەرکووک، ئەگەر بە دواداچوون بکرابووایە، دەبینین ئەو رۆژە پڕۆسەیەکی سەربازی خێرا هەبوو بە هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و دژە تیرۆری عێراق لە حەویجە، هەر ئەمەش بوو کەوا بڵاوکرایەوە هێزێک هاتووەتە کەرکووک".

News Code 51297

Your Comment

You are replying to: .
captcha