برێت مه‌کگۆرک: کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا ئامانجه‌کانی واشنتۆن ناهێنێته‌دی

به‌شی جیهان- نێرده‌ی پێشووی ئه‌مریکا له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش هۆشداری ده‌دات که‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا هیچ یه‌ک له‌ ئامانجه‌ دیاری‌کراوه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا ناهێنێته‌دی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌رپرسێکی باڵای ئه‌مریکا که‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ بڕیاره‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ کشانه‌وه‌ی هیزه‌کانیان له‌ سووریا ده‌ستی له‌ کار کێشابوویه‌وه‌ برێت مه‌کگۆرک نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش له‌ عێراق و سووریا بوو.

برێت مه‌کگۆرک له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن ئێن ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که ئه‌مریکا له‌ سووریا سێ ئامانجی هه‌بوو که‌ بریتی بوون له‌ شکستهێنانی به‌ ته‌واوه‌تی داعش، ڕێگری له‌ په‌ره‌سه‌ندنی نفووز و ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌ سووریا‌ و چاره‌سه‌رکردنی سیاسیی قه‌یرانی سووریا له‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌بردنی دانووستان له‌ ژێر چاودێریی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌ ژێنێڤ به‌ڵام به‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا هیچ یه‌ک له‌و ئامانجانه‌ نه‌هاتنه‌دی و نایێنه‌دی.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ ئه‌مریکا ڕاسپێردراویی سووریا به‌ که‌مترین تێچوو ئه‌نجام ده‌دا چوونکه‌ ئه‌وا کورد و خه‌ڵکی سووریا بوون که‌ شه‌ڕی زه‌وینییان له‌گه‌ڵ داعش ئه‌نجام ده‌دا و به‌شێکی هه‌ره‌زۆری تێچوووه‌که‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بریتی له‌ 75 ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی دژه‌داعش ده‌درا و جگه‌ له‌ هێرشی خۆکوژی ئه‌مدواییه‌ له‌ مه‌نبه‌ج و له‌ ماوه‌ی سێ ساڵ ڕاسپێردراوی ئه‌مریکا له‌ سووریا ته‌نها دوو سه‌ربازی ئه‌مریکا کوژران.

مه‌کگۆرک جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ هیچ یه‌ک له‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌ورووپیی ئه‌مریکا بڕیاری تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کان له‌ سووریا قبووڵ ناکه‌ن و ته‌نانه‌ت کارناسێکیش نییه‌ که‌ هاوده‌نگ بێت له‌گه‌ڵ بیروڕای تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا که‌ ڕای‌گه‌یاند‌بوو داعش شکستی هێناوه‌.

ناوبراو ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی به‌شداری‌کردنی له‌ ده‌وڵه‌تی تره‌مپ هه‌رگیز چاوی به‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا نه‌که‌وتوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51286

Your Comment

You are replying to: .
captcha