له ماوه‌ی‌ 20 ڕۆژدا 13 ئێزدی له‌ ده‌ست داعش ڕزگار کراون

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ کچێکی ئێزدی ته‌مه‌ن 17 ساڵ رزگار کرا و له‌ ماوه‌ی 20 ڕۆژی ڕابردوودا 13 کوردی ئێزدی له‌ سووریا ڕزگار کراون و چاره‌نووسی زیاتر له‌ سێ هه‌زار ئێزدیش نادیاره‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حسێن کۆرۆ قائیدی، به‌رپرسى نووسینگه‌ى ڕزگارکردنى ڕفێندراوانى ئێزدى ڕای‌گه‌یاند: ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 20ی کانوونی دووهه‌می 2019 کچێکى ئێزدى ته‌مه‌ن 17 ساڵ له‌ سووریا ڕزگار کراوه‌ که‌ داعش له‌ ناوچه‌ی تلقه‌سه‌بى سنوورى شه‌نگال به‌ره‌و سووریا ڕفاندبووی.

ناوبراو وتیشی: "له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2019ه‌وه‌ تا ئێستا 13 کوردى ئێزدی له‌ سووریا ڕزگار کراون که‌ زۆرینه‌یان منداڵى کوڕ و کچن و ته‌مه‌نیان له‌ نێوان پێنج بۆ 15 ساڵ ده‌بێت و ژماره‌یێکى دیکه‌یش ئافره‌تى سه‌روو 30 ساڵین.

به‌رپرسى نووسینگه‌ى ڕزگارکردنى ڕفێندراوانى ئێزدى ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد: تا ئێستا سێ هه‌زار و 300 کوردى ئێزدى له‌ ژێر ده‌ستى داعش له‌ عێراق و سووریا ڕزگار کراون و هه‌وڵه‌کانیشمان به‌رده‌وام ده‌بێت.

حسێن کۆرۆ ئاشکرای کرد: سه‌رجه‌م ئه‌و کورده‌ ئێزدییانه‌ى ڕزگار کراون له‌ لایه‌نى جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ دراون و شوێنه‌واری توندوتیژى و زه‌بر و زه‌نگى داعش له‌ جه‌سته‌یاندا به‌جێماوه‌ بۆیه‌ پێویستیان به‌ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داعش به‌ زۆر زمان و ئایینى پێگۆڕیون.

به‌ وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌؛ به‌شێک له‌و منداڵانه‌ى ڕزگار کراون له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ڕاهێنراون له‌سه‌ر بیرى توندڕه‌وى و به‌کارهێنانى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى.

شایانی باسه‌؛ مانگی ئابی ساڵی (2014) داعش هێرشی کرده‌ سه‌ر قه‌زای شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌که‌دا کۆمه‌ڵکوژیی به‌شێکی زۆری ئێزدییه‌کانى کرد له‌ شاره‌که‌ و زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار کچ و ژن و منداڵى کوردی ئێزدییان به‌ره‌و ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ڕفاند و تا ئێستاش چاره‌نووسی زیاتر له‌ سێ هه‌زار کچ و ژنی ئێزدی نادیاره‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51256

Your Comment

You are replying to: .
captcha