سنووری ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری هیچ مه‌ترسییێکی له‌سه‌ر تورکیا دروست نه‌کردوووه‌

به‌شی سووریا- هاوسه‌رۆکی ته‌ڤده‌م دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و به‌ بیرۆکه‌ی تورکیا داده‌نێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، غه‌ریب حه‌سۆ هاوسه‌رکی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکرات (ته‌ڤده‌م) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ ڕایگه‌یاند: دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکوور و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌، ته‌نها له ‌کاتێکدا نه‌بێت که‌ له ‌ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تیدا دروست بکرێت چوونکه‌ له‌ بنه‌مادا دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام بیرۆکه‌ی تورکیایه‌ و بۆ به‌ده‌ست هێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی هه‌وڵی دروست کردنی ده‌دات.

هاوسه‌رۆکی ته‌ڤده‌م ڕه‌خنه‌ی له‌ بێده‌نگیی دیمه‌شق گرت سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی ئارام و گوتیشی: بێده‌نگیی دیمه‌شق مایه‌ی نیگه‌رانییه و بێده‌نگ بوونه‌ له‌ ئه‌گه‌ری کۆمه‌ڵکوژیی گه‌لانی ناوچه‌که.

غه‌ریب حه‌سۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیای تۆمه‌تبار کرد به‌ "هاوکاریی کردنی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان له‌ ڕووی سه‌ربازی و لۆجستی و سیاسییه‌وه‌ به‌تایبه‌تی داعش و به‌ره‌ی نوسره‌" و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گریان هه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییانه‌.

هاوسه‌رۆکی ته‌ڤده‌م ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد که‌ سنووری ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری هیچ مه‌ترسییێکی له‌سه‌ر تورکیا دروست نه‌کردوووه‌، له‌ کاتێکدا تورکیا به‌ درێژیی (900) کیلۆمه‌تر دیواری له‌سه‌ر سنووره‌کانی دروست کردوووه‌، به‌وه‌ش ده‌رده‌که‌وێت که‌ تورکیا مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر سووریا نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌.

حه‌سۆ گوتیشی: "سووریا سنوری هاوبه‌شی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستانیش به‌ڵام تا ئێستا یه‌ک گولـله‌ به‌ره‌و ئه‌و سنوورانه‌ نه‌ته‌قێنراوه‌ و مه‌ترسیی دروست نه‌بوووه‌ به‌ڵام تورکیا به‌رده‌وام تۆپبارانی سنووره‌کانی سووریا ده‌کات و تاکه‌ ئامانجیشی دژایه‌تی کردنی کورده‌".

غه‌ریب حه‌سۆ جه‌ختی کرده‌وه‌: کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ سووریا هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ داگیرکردنی ناوچه‌ی دیکه‌ی کوردنشین له‌ سووریا نه‌ک پاراستنی کورد وه‌ک خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات و داگیرکردنی عه‌فرین و ئه‌نجامدانی کاولکاریی له‌و شاره‌ نموونه‌ی زیندووی ڕه‌فتاره‌کانی تورکیان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51255

Your Comment

You are replying to: .
captcha