قادر عه‌زیز: یه‌کێتی تا پارێزگاری كه‌ركووک وه‌رنه‌گرێت ئاماده ‌نییه‌ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمدا بکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتى ڕایگه‌یاند که‌ یه‌کێتی تا پارێزگاری كه‌ركووک وه‌رنه‌گرێت ئاماده‌ نییه‌ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمدا بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، قادر عه‌زیز ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتى به‌ ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاندوووه:‌ "دوایین كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی خراپ نه‌بوووه‌ به‌ڵام پارتی و یه‌كێتی دوورن له‌ ڕێكکه‌وتن چوونكه‌ پارتی ڕازی نییه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووک بۆ یه‌كێتی بێت و ده‌یه‌وێت دوای بخات بۆ دوای پێكهێنانی حكوومه‌ت و یه‌كێتییش به‌مه‌ ڕازی نییه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداد و كه‌ركووک یه‌ک پاكێج بن."

ناوبراو ئه‌وه‌شی وتوووه‌: "ناكرێت له ‌هه‌ولێر ڕێک بكه‌وین بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌ڵام له ‌كه‌ركووک پارتی دژ و ڕێگر بێت له ‌به‌رده‌م پۆستی پارێزگاری كه‌ركووک بۆ یه‌كێتی یاخود دژی پێدانی پۆستی وه‌زاره‌تی داد بێت به ‌یه‌كێتی، ناكرێت ئه‌مانه‌ به‌ ڕاستی ده‌بێت دۆستایه‌تی دۆستایه‌تی بێت و دژایه‌تی دژایه‌تی بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ به ‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركووک كه‌ پارێزگار بدرێت به ‌یه‌كێتی، یه‌كێتی تا ئێستا بڕیاری نییه‌ له‌م حكوومه‌ته‌ به‌شداری بكات."

قادر عه‌زیز ڕونیشی كردوووه‌ته‌وه:‌ "كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی پارێزگاری كه‌ركووكه‌ چوونكه‌ ئه‌وه‌ ساڵێک زیاتره‌ دۆخی كه‌ركووک به‌و جۆره‌یه پارێزگاری که‌رکووک له ‌هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منیی شاره‌كه‌شه‌، پارتی ژماره‌یێک ئه‌ندامی هه‌یه‌ له ‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ پارێزگار له‌وێوه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی ئاماده‌ نه‌بێت یه‌كێتی ئه‌و ئیستحقاقه‌ی خۆی به ‌ده‌ست بهێنێت كه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووكه‌ باشه‌ بۆچی ده‌بێت یه‌كێتی له‌ حكوومه‌تێک به‌شداری بكات كه‌ هیچ ده‌ستكه‌وتی بۆ ئه‌و نه‌بێت؟."

قادر عه‌زیز وتووشیه‌تی: "به ‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر پۆستی پارێزگار له‌ كه‌ركووک بدرێت به‌ یه‌كێتی، یه‌كێتی ئاماده‌ نییه‌ به‌شداری له‌م حكومه‌ته‌دا بكات و پۆستی پارێزگاری كه‌ركووک ڕاسته‌وخۆ به‌ ده‌ست پارتییه‌ چوونكه‌ به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پارتین و ئه‌وان ده‌توانن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زۆرینه‌ پێكبهێنن به ‌بێ ئه‌وه‌ی پارتی ڕازی بێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆ بێته‌وه‌ و له‌و كۆبوونه‌وه‌ پارێزگارێک هه‌ڵبژێردرێت له‌ پشكی یه‌كێتی و تا ئێستا له‌ ناو یه‌كێتی زۆرینه‌ بۆچوونی وایه‌ كه‌ به ‌بێ ئه‌مه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كه‌ین."

ناوبراو ده‌رباره‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "تا ئێستا باسی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كراوه‌ و‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ ته‌نها مافی پارتی نییه‌، پارتی ئه‌م بابه‌ته‌ی هێناوه‌ته‌ "گۆڕێ" بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆیییه‌كانی خۆی، یه‌كێتی پێی باشه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و هه‌مواركردنی یاسا بخرێته‌ دوای پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌ڵام پارتی ده‌یه‌وێت له‌ پێش پێكهێنانی حكوومه‌ت بێت و ئه‌مه‌ش یه‌كێک بوووه‌ له ‌به‌ربه‌سته‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا."

قادر عه‌زیز جه‌ختی کرده‌وه‌: "به ‌دووری نازانم یه‌كێتی ڕازی بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكکه‌وتنێكی سیاسی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بدرێ به‌ پارتی و ئه‌گه‌ر پارتی ڕازی بێت به‌ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووک له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ چوونكه‌ "ئه‌وله‌ویه‌تی" یه‌كێتی كه‌ركووكه‌ و له‌پێناو ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان چیتر چاوه‌ڕێی پێكهێنانی حكوومه‌ت نه‌كه‌ن."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51251

Your Comment

You are replying to: .
captcha