بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەیاد كاكەیی پارێزەری دۆسیەكە بە رادیۆی نەوای راگەیاند كە دوای هەوڵ و ماندوو بوونێكی زۆر و دوای نزیكەی 4 ساڵ لە كاركردن لەسەر دۆسیەكەی مەریەم هەڵەبجەیی، رۆژی یەكشەممە 20/1/2019 دادگای ناوچەی هەولێر بریاری لەسەر دۆسیەكەی مەریەم دا.
وتیشی لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەریەم ناوەكەی كرا بە ژیان و ناوی باوكیشی كرا بە كامەران و باپیریشی بە دارا، هەروەها داكیشیی ناونرا كوردستان.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە لە سبەیەوە دەست دەكەن بە رێكارە یاساییەكانی دەركردنی رەگەزنامە و پاسپۆرتی عێراقی بۆ ژیان هەڵەبجەیی و لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە و پاسپۆرتی عێراقی هەرێمەوە نووسراوەكەی دادگا بەرز دەكەنەوە و رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی پێ وەردەگرن و دواتریش بە نووسراوی فەرمی دەنیردرێت بۆ بەرێوەبەرایەتی رەگەزنامە و پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە.
مریەم یان ژیان هەڵەبجەیی یەكێكی دیكەیە لەو منداڵە هەڵەبجەییانەی كە لە دوای كیمیابارن كردنی هەڵەبجەی شەهید ون بووە و دواتر گەراوەتەوە كوردستان، سەرەتا بە پشت بەستن بە پشكنینی دی ئێن ئەی راگەیەنرا كە ناوی هاونازە، بەڵام پاش ماوەیێک بەهۆی بوونی هەڵە لە پشكنینەكە، ناسنامەی هاونازی لێسەنرایەوە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment