چاودێرانی سیاسی چۆن خوێندنەوە بۆ پێوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا دەکەن؟

بەشی جیهان- ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە ئەوەی ئەمریکا دەرحەق بە کورد دەیکات خەیانەتە و لە بەرانبەردا ژمارەیێکی دیکەش دەڵێن پێوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا پێوەندییێکی ستراتێژییانە و تاکتیکییە.

کوردپرێس:

بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە خاکی سووریا هەرای زۆری نایەوە و کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. هێزی کوردی سووریا هاوپەیمانیی سەرەکیی ئەمریکا بوو بۆ شەڕی دژ بە داعش و ئێستا لەم قۆناغە هەستیارەدا کە تورکیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر کوردی سووریا کوردەکان بڕوایان وایە لەلایەن ئەمریکاوە خەیانەتیان لێ کراوە.

پەیمانگای ویڵسن بە بەشداریی ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەکارانی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گردبوونەوەیێکی بەڕێوە بردووە و لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەیان بۆ هاوکاری و عیلاقاتی نێوان ئەمریکا و کوردی سووریا کردووە.

ڕابرت فۆرد باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لەو دانیشتنەدا کە ڕۆژی 17ی کانوونی دووهەمی 2019 بەڕێوە چوو گوتی بڕیاری کشانەوەی هێزی ئەمریکی و دەست بەردان لە کوردی سووریا خەیانەت کردن نییە لەبەر ئەوەی ئەو هێزانە پاشماوە و باڵێکی سەربازی و سیاسیی پەکەکە و پەکەکەش بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانرێت.

ناوبراو دەشڵێت پێوەندیی نێوان ئەمریکا هێزی کوردی سووریا پێوەندییێکی ستراتێژییانە بوو و ئەو هێزانە کە بە یەپەگە ناسراون سەر بە پەکەکەن و پێوەندیی نێوان ئەمریکا و ئەو هێزانە هەرگیز پێوەندییێکی فەرمی نەبووە.

ڕابرت فۆرد لەبرەی هۆکاری هاوکاری کردنی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا زیادی کرد: ئەوان گیرۆدەی دەستی داعش بوون و ئێمەش بە تۆپبارانی ئاسمانی پشتیوانیمان لێکردن. کورد لەبەر خاتری ئەمریکا شەڕی داعشی نەکرد بەڵکوو شەڕی داعش بە قازانجی خۆیان بوو.

باڵوێزی پێشووی ئەمریکا گوتیشی هاوکاری کردنی ئەمریکا لەگەڵ کوردی سووریا لەبەر ئەوە بوو کە هەردوو لا دوژمنێکی هاوبەشیان بوو ئەگینا ئەمریکا و کوردی سووریا هەرگیز پێوەندی و عیلاقاتی درێژخایەنیان نەبووە.

لای خۆیەوە لیز سلۆی چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووسی ناسراویش ڕایگەیاند ئامانجی ئەمریکا لە مانەوەی لە سووریا ئەوە بوو پارێزگاری لە مافی کورد بکات بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ئەو بابەتە دەست نادات. ناوبراویش هەر بە هەمان شێوەی باڵوێزەکەی ئەمریکا بڕوای وایە یەپەگە نەک هەر سەر بە پەکەکەیە بەڵکوو دەتوانین بڵێین لقێکی ئەو گرووپە ناڕازییەی کوردی تورکیایە.

هەروەها جین هارمەن بەڕێوەبەری پەیمانگاکەش ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا گرت و ڕایگەیاند کوردی سووریا هاوپەیمانێکی تەواوە بۆ ئەمریکا و هۆشداریشی دا کە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا وا دەکات کوردی ئەو وڵاتە بکەونە مەترسیی جیدییەوە.

فەیسەڵ ئیتانی شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش لەو گردبوونەوە پسپۆڕانەدا ڕایگەیاند: کوردەکان بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا بە خەیانەت دەرحەق بە خۆیان دەزانن بەڵام بەوەشەوە کورد گەمژە نیە و پێی وانییە کە بەردەوام ئەمریکا پشتیوانیان دەبێت بەڵکوو ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی گفتوگۆ کردنن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا.

News Code 51232

Your Comment

You are replying to: .
captcha