بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاندووە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە پەسەند کردنى پرۆژەى بودجە دوانەخرێت، تا کاروبارەکانى حکوومەت پەکى نەکەوێت و بودجە بۆ پرۆژەکان تەرخان بکرێت.
جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق وتیشى، هەوڵەکانى پەرلەمان و لیژنەى دارایی لەو بارەیەوە بەردەوامە و هیچ وادەیێک بۆ پەسەندکردنى پڕۆژەى بودجە دانەنراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە پەسەند بکرێت.
بەشیر حەداد ئاماژەى بەوەش کرد، زۆربەى داواکارییەکانى کورد لە پڕۆژەى بودجەدا جێگەى کراوەتەوە و مووچەى فەرمانبەران و پارەى پێشمەرگە جێگیر کراوە، هەروەها هەڵەبجە وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵدا کراوە.
هەفتەى رابردوو پەرلەمانى عێراق کۆتایی هێنا بە گفتوگۆ کردن لەسەر پرۆژەى بودجە و لە ئێستادا پرۆژەکە لەلایەن لیژنەى داراییەوە گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەى پاش گۆڕانکاری کردن لە بەشێک لە بەندەکانى بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ پەسەند کردنى.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment