ئه‌حمه‌د تورک: چاومان له‌ شاره‌وانییه‌كانی ئه‌سته‌نبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌ نییه‌

به‌شی تورکیا- ئه‌حمه‌د تورک كاندیدی هه‌ده‌په‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له‌سه‌ر بازنه‌ی میردین پێی وایه‌ هه‌ده‌په‌ چاوی له‌وه‌ نییه‌ بتوانێت شاره‌وانی ئه‌سته‌نبۆڵ و ئه‌نقه‌ره‌، ئیزمیر، ئه‌نتاڵیا، ئه‌ده‌نا و مێرسین بباته‌وه‌ به‌ڵام ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په‌ له‌و شارانه‌ ده‌توانێ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌حمه‌د تورک له‌ دیمانه‌یێكیدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی (T24)ی توركی داوا له‌ جه‌هه‌په‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌دا دابنیشێت و هاوپه‌یمانی ببه‌ستن.

ناوبراو ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌دا دابنیشین و بۆ هه‌ندێک شار هاوپه‌یمانی ببه‌ستین له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كاندا به‌ڵام ئه‌وان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ ده‌ڵێم چۆن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی باش دانیشتووی، ئاواش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ دابنیشه‌".

ئه‌حمه‌د تورک پێشتریش هه‌ر سه‌رۆكی شاره‌وانی مێردین بوو به‌ڵام به‌ بڕیارێكی وه‌زیری ناوه‌خۆی توركیا و له‌گه‌ڵ 100 شاره‌وانی‌تری تورکیا له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور خرایه‌وه‌.

ئه‌و له‌باره‌ی دووباره‌ كاندیدبوونی بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی مێردین ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "به‌ یه‌ک ئیمزای وه‌زیری ناوه‌خۆی توركیا 100 سه‌رۆک شاره‌وانی له‌ پۆسته‌كه‌یان دوور خرانه‌وه‌ و ئیراده‌ی خه‌ڵكیان به‌ هیچ زانی بۆیه‌ دیسان ده‌مه‌وێت ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ بگرمه‌ ئه‌ستۆ تا به‌ خه‌ڵک بڵێم بڕیاری لادانمان هه‌ڵه‌ بوووه‌ و هه‌روه‌ها بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵک ده‌مه‌وێت ببمه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی مێردین".

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51156

Your Comment

You are replying to: .
captcha