به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15ی کانوونی دووهه‌می 2019 مه‌سعوود بارزانی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف و شاندی یاوه‌ری کۆ بوویه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی هه‌وڵه‌كانی مه‌سعوود بارزانی له ڕاستهڕێكردنی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق كرد و ئه‌وه‌یشی ڕاگه‌یاند كه پێگه و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاته‌كه‌ی جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگییه.
لای خۆیه‌وه مه‌سعوود بارزانی به شاندی میوانی ڕاگه‌یاند كه له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌رفه‌ت و كهشوههوایێكی نوێ هاتۆته ئاراوه و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی تازه‌ی عێراق هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان هه‌رێم و به‌غدادا ماون.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕۆشنایی خرایه سه‌ر بارودۆخی سووریا و مه‌سعوود بارزانی بۆچوون و نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له‌مه‌ڕ ئایینده‌ی گه‌لی كورد له سووریا به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران گه‌یاند.
پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره بوو و هه‌ر دوولا جه‌ختیان له دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه كرده‌وه.
شایانی باسه؛ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی سیاسی و ئابووری و بازرگانی وڵاته‌كه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15-1-2019 گه‌یشته شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و پێشتریش له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوووه‌وه.
سه‌رچاوه: K24
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment