به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15-1-2019 محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوای سه‌ردانه‌که‌ی بۆ به‌غدا به سه‌ردانێک گه‌یشته هه‌رێمی کوردستان و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه پێشوازی لێ‌کرا.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرنگیی به‌ده‌وامیی هه‌ماهه‌نگی و هاوکاریی نێوان عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و نه‌هێشتنی یه‌کجاریی تیرۆر له ناوچه‌که تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون که هێشتا مه‌ترسیی تیرۆر له ئارادایه و بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و مه‌ترسییه ده‌بێ هه‌موو لایێک هاوکار و هه‌ماهه‌نگ بن.
نێچیرڤان بارزانی دووباره سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ ئه‌و هاوکارییانه‌ی له شه‌ڕی داعشدا پێشکه‌ش به هه‌رێمی کوردستانی کردوووه و جه‌ختی له گرنگیی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی وڵاتانی ناوچه‌که بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و نه‌هێشتنی کرده‌وه.
هه‌ر له کۆبوونه‌وه‌که‌دا محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆی و وڵاته‌که‌ی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر- به‌غدا نیشان دا و هیوای خواست هه‌موو کێشه و گرفته‌کان له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن.
چۆنیه‌تیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان له بواری بازرگانی، کولتووری، کشتوکاڵی، زانستی و بواره‌کانی دیکه‌دا و هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ناوچه‌که به گشتی، به‌شێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوو.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment