وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و مەسروور بارزانی کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/1/2019، مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا كۆ بوونه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاکان كرایەوە.

لەسەرەتای دیدارەکەدا مەسروور بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەرەنسا و هه‌وڵه‌كانى ئیمانوێل ماكرۆنی کرد لە پشتیوانی و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان، بەوەی فەرەنسا لە گشت قۆناغەکاندا هاوكار و پشتیوانێکی گەورەی هەرێمی كوردستان بووە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق تیشکی خستە سەر پێشڤە چوونەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ئاماژەی بەوەدا کە بە رەچاو کردنی دەستووری عێراق ھەوڵ بۆ نەھێشتنی کێشەکان دەدرێت.

هەر لەو دیدارەدا لەبارەی ئەگەر و هەلومەرجەکانی بارودۆخی سووریا جەخت لە گرینگی هێور کردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری سیاسیانەی کێشەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەیێک کرایەوە، کە ویست و مافی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت.

لەلای خۆیەوە ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست و تیشکی خستە سەر شێوازی فراوان کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و رایگەیاند پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان مێژوویی و گرینگن.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا، دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51085

Your Comment

You are replying to: .
captcha