کوردپرێس:
ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە هەولێر لە ئاستێکی باڵا بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسول کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش مەحموود محەممەد و سەعدی پیرە، گوتەبێژانی هەردوو حیزبەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "کۆمەڵێک بابەتمان لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنیان، جیا لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت، کە ئەولەویاتی کارەکانمانە، دوای هەڵبژاردن و متمانەپێدانی خەڵکی کوردستان دەبێت مشووری ئەو بابەتە بخوورێت، هەردوولامان جەختمان لەوەکردەوە کە ئەمە کارێکی سەرەکییە دەبێت ئەنجام بدرێت".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا زۆر راشکاوانە باسمان لەوەکرد کە ئەو بارودۆخە پێویستی بەوەیە جیدیتر و خێراتر بڕیارەکانمان وەربگرین و بیخەینە بواری کردەنی، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە لیژنەی دانوستاندن کە زووتر پێکهێندراوە چالاکتر بێت و دەست بە کارەکانی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەی داهاتوو زووتر یەکلایی بکرێتەوە و سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بابەتە هەبێت، بە هاوتەریبی ئەوە لیژنەیەکی دیکەشمان پێکهێنا لە هەردوولا، ئەو لیژنەیە تایبەتە بە دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی زیاتر لەنێوان یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی لەمەودوا بە یەکەوە حکومڕانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەین و بە پێکەوەبوونمان خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستان بکەین".
مەحموود محەممەد زیاتر گوتی: "وەکو پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە پێکەوەبین چاکتر دەتوانین خزمەت بە خەڵکی کوردستان بگەیێنین و چارەسەری کێشەکان بکەین، ئێمە کۆمەڵێک کێشەی گرنگمان لەبەردەمدایە، ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانە لەسەر ئەو بابەتە هەڵواسراونەی کە دەمێکە چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەروەها کێشەی کەرکووکیشمان هەیە، ئەمانە هەمووی دەبێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین و پێکەوە ببینە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ حکوومەتی ئاییندە کە بتوانین چارەسەری ئەو کێشانە زووتر ئەنجام بدەین".
بەگوتەی گوتەبێژی پارتی: "بڕیاردرا لەماوەی نزیکدا کۆبوونەوەی لیژنەکانیش دەستپێبکات، کۆبوونەوەی دیکەشمان لە چوارچێوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی لەپێشدایە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین".
Your Comment