کوردپرێس:
هۆشیار عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی شەممە (١٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراقی کردووە و ناوبراو رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی ٤۲٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا و لەکاتی تاوتوێکردنی مادەی ١٠ لە پڕۆژە یاساى بودجەى ٢٠١٩ کە تایبەتە بە هەرێم، بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایان کردووە، ئەو ژمارەیەی کە وەزیری نەوت ئاشکرای کردووە، بکرێتە ماڵ لەسەر هەرێم نەک ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، وەک ئەوەی کە لە بودجەدا هاتووە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو پەرلەمانتارانە رەخنەی زۆریان لە بڕگەی (ج) گرتووە و رایانگەیاندووە، کاتێک هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانی نابێت بۆچی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە بدرێت، "پێیان وابوو ئەو برگەیە وادەکات هەرێم پابەند نەبێت".
هۆشیار عەبدوڵڵا راشیگەیاند، " ئێمە بە روونی پێمانوتن، هەر برگەیەک زیاد دەکەن بۆ ئەوەی هەریم پابەند بکات ئاساییە، بەڵام مەعقول نیە و قبوڵیشی ناکەین حکومەتی فیدراڵی تاکە کارتی فشاری بریتی بێت لە موچەی فەرمانبەران ، دەبێت موچەی فەرمانبەران دوور بێت لەو کێشەیە، ئیدی حکومەتی فیدراڵی چۆن هەرێم پابەند دەکات ئاساییە" .
دووپاتیشی کردەوە ، "لەو رووەوە تێگەیشتن هەیە بەوەی کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دور بگیرێ بەڵام لەرێگەی بەند و مادەی ترەوە هەرێم ناچار و پابەند بکرێت نەوت بداتە سۆمۆ".
پێشتر سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەگەر حکومەتى عێراق بەشەبودجەى هەرێم نەنێرێت ئەوا هۆکارەکەى بۆ ڕادەست نەکردنى نەوت دەگەڕێتەوە لە لایەن هەرێمەوە و هەوڵیش دەدەن ئەو دۆسیەیە ببرێتە دادگاى فیدڕاڵى عێراق.
ئاماژەى بەوەش کرد، حکومەتى عێراق ئامادەیە یەکێک لە بڕگەکانى یاسای بودجە جێبەجێ بکات کە تایبەتە بەوەى ئەگەر نەوتى هەرێمیش نەنێردرێت بۆ بەغدا، مووچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بنێردرێت.
Your Comment